سپی هۆکاری گۆڕینی ئەدهەم بارزانی لەئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی-هەڵەبجە بلآودەکاتەوە

هەفتەی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان ئەدهەم بارزانی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارتی لە سلێمانی - هەڵەبجە لابردو لە بری عارف تەیفور ئەندامی نوێی مەکتەبی سیاسی پارتی لە جێگای دانا. سپی زانیاری پشتی ئەو گۆڕانکاریە بلآودەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سپی کەوتووە سێ هۆکار بوونەتە هۆی لادانی ئەدهەم بارزانی لە ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵبجە، بەپێی ئەو زانیاریانە، ئەدهەم بارزانی پێشبینی ئەوەی کردووە کە هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی سلێمانی - هەڵبجە بڕە پارەیەکی زۆری دەخەنە بەردەم بۆ ئەوەی جوولە بەرێکخستنەکانی پارتی لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بکات کە رێکخستنەکانیان چەندین ساڵە لەو سنوورەدا وەساتەوەو گەشە ناکات، بەلآم ئەو پارەیە دابین نەکرا کە لە ئاستی پێویستدا بێت بۆ ئەو ئەنجومەنە، بەپێی زانیارییەکانی سپی دارایی پارتی لە قەیرانێکی گەورەدایە و نەیتوانییوە ئەو بڕە پارەیە بخاتە بەردەم ئەدهەم بارزانی.

هەروەها سپی زانیوویەتی کە ئەدهەم بارزانی چاوی لەسەر ئەوە بووە کە بکرێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لەبری فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی پارتی کەدوو ساڵ لەمەبەر لەنزیک مەخمور کوژرا، بەلآم لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتیدا کە سەرەتای ئەم مانگە سازکرا، مەسعود بارزانی عارف تەیفور کە خەڵکی سلێمانییە پالآوت بۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسی بە زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی  کرا بە مەکتەبی سیاسی، ئەمەش یەکێک لەو هۆکارانەی تر بوو کە عارف تەیفور وەک کەسایەتییەکی پارتی لە سلێمانی ئەو پۆستەی پێدرا.

بەپێی ئەو زانیاریانە، یەكێک لەو کێشانەی تر کە بۆتە مایەی گۆڕینی ئەدهەم بارزانی کێشەی رێکخستنەکانی هەڵبجەی پارتی یە کە فازل بەشارەتی بەرپرسی بووەو لەگەڵ ئەدهەم بارزانیدا بۆتە کێشەیان و لە ئەنجامدا فازل بەشارەتی لە بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی لادرا.
 
 بەپێی زانیاریەکانی سپی ئەو سێ هۆکارە بوونەتە هۆی لادانی ئەدهەم بارزانی لە بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی - هەڵبجە.

PM:09:49:20/07/2018