ئەگەری زۆر هەیە عەبدوڵای مەلا نوری بکرێتە سەرۆکی لیستی گۆڕان

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر زۆرە کە عەبدوڵای مەلانوری پەرلەمانتاری خوولی پێشوو، لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بکرێتە سەرۆکی لیستی گۆڕان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ئەگەر زۆرە عەبدوڵای مەلانوری بکرێتە سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان و تا ئێستا جگە لەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان، هیچ ناوێکی تر باسی لێوە ناکرێت.

هەروەها سپی زانیوویەتی کە پەرلەمانتارانی گۆڕانی ئەم خوولەی پەرلەمانی کوردستان بۆیان نییە خۆیان کاندید بکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ئەمسال و ئەو لیژنەیەی سەرپشکراوە بۆ بەڕێوەبردنی کەمپینی دەستنیشانکردنی کاندیدکان بڕیاریان داوە کە دەرفەت بە خوێنێ نوێ بدەن لەم هەڵبژاردنەی داهاتوودا، هەرچەندە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەم خوولە لە پلانیاندا بووە، سەرلەنوێ خۆیان کاندید بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە بەو شێوەیە کە رێگا بە پەرلەمنتارانی خوولی ئێستا نەدرێت، سەرچاوەیەکیش لە گۆڕانەوە بۆ سپی ئاشکرای کرد کە لەم دوورۆژەدا ئەو پرسە بڕیاری یەکلایی کەرەوەی لەسەر دەدرێت.

بڕیارە رۆژی ٣٠ ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و هەموو هێزە گەورەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان بەبێ هاوپەیمانێتی دەچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە.
 



PM:03:11:21/07/2018