عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت هەندێ ئۆرگان و کەسایەتى بزوتنەوەى گۆڕانیش کەوتونەتە تەڵەوە و دەشڵێت نەوشیروان مستەفا باوەڕی بە چەمکی تەوریسی سیاسیی نەبووە و بە توندی بە گژیدا چووەتەوە.
عەبدولڕەزاق شەیرف، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە وتارێکیدا بە ناونیشانی " نەوشیروان مستەفا.. موڵک و تەوریسى سیاسى"، کە لە بەشی بیروڕای ماڵپەڕی سپی بڵاوکراوەتەوە دەنوسێت ” لەدواى 19/5/2017 ەوە، ئەو هێزانە، بە پشتیوانى ناوەندى هێزە ناوخۆییەکان، خورییەکەیان بەشێوازێکى تر دەڕێسن، بە ئاگا یان بێ ئاگا، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هەندێ ئۆرگان و کەسایەتى بزوتنەوەى گۆڕانیش کەوتونەتە تەڵەى ئەو پیلانە رێکخراوەوە، کە تیایدا جگە لە بیروباوەڕى خودى نەوشیروان مستەفا، هیچ کەس و هیچ حیزبێک بە بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە، بەئامانج نەگیراوە، بۆ پێکانى ئەو ئامانجەشیان، لە دوو خەسڵەتى دیارو گرنگى نەوشیروان مستەفا ئەدەن، کە لە هەمو سەرکردەکانى مێژوى کوردى جیاکردوەتەوە".
هەروەها ئەو سەرکردەیەی بزووتنەوەی گۆڕان نوسیویەتی "ئەوانەى بۆ دەستکەوتى شەخسى و بۆ بەرژەوەندى خۆیان نەوشیروان مستەفا دەکەن بە هاوشان و هاوشێوەى ئەو سەرکردانەى موڵک و ماڵى گشتییان داگیرکردوە، و دەیانەوێت بیکەن بە خاوەنى کۆمپانیا و پرۆژەى بازرگانى و کوڕەکانى دنە ئەدەن کە "رەمز" و رێکخەرى گشتى بن، تەسلیم بە ئیرادە و پیلانى دەرەکى بون و دەبێ بزانن ئەو زاتە لە ژیانیدا، هیچ دەسەڵات و پۆستێکى حکومى نەبوە، تا بۆ داگیرکردنى موڵکى گشتى ئیستیغلالى بکات، هەر موڵک و ماڵێک بە گردى زەرگەتەشەوە کە بە وێنەى تۆمارى (سورەت قەید)، لەسەر ناوى نەوشیروان مستەفا بێت، بە مامەڵەى کڕین و فرۆشتن و بە پارە و بە رێگەى یاسایی لە تاپۆ تۆمارکراوە و بۆ پرۆژەى بزوتنەوەکە بوە و هەر پرۆژەى بزوتنەوەکەش واریسى شەرعى و قانونى ئەو موڵک و ماڵانەیە و پێشتریش حیزب و دەسەڵاتدارەکانى هەرێم، بەدواداچون و لێکۆڵینەوەیان کردوە و دەتوانن چەندینجارى تر پێداچونەوە بکەن".