"ئاسایشی سلێمانی رێگری لە یادی ١٠ ساڵەی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە دەکات"

ئەمڕۆ شه‌ممه‌ ٢١ی ته‌مموز،  ١٠ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس "سۆرانی مامە حەمە" تێدەپڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاربوو لە هۆتێل مەم و زین لە شاری سلێمانی مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی بەڕێوەبچێت بەڵام  ڕێکخەری مەراسیمەکە ئاماژە بەوەدەکات ئاسایشی سلێمانی ڕێگەینەداوە، کە مەراسیمەکە بەڕێوەبچێت.

ئەحمەد میرە سەرنوسەری گۆڤاری لڤین و ڕێکخەری مەراسیمەکە ڕاگەیاند، "ئاسایشی سلێمانی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە کردووە بە بیانووی ئەوەی کە گوایە بارودۆخی ئەمنی شاری سلێمانی ئارام نییە، ئەمەش بەهانەیەکی لاوازە".

وتیشی، "پێشتر بۆ بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە هەموو دەزگا ئەمنییەکان و قایمقام و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادارکراوەتەوە بەڵام دواجار ڕۆژنامەنوسان و کەسوکاری شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە مەراسیمەکەمان لەسەر شەقام ئەنجامدا".

ئەحمەد میرە بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کروەد "سکاڵای یاسایی لەسەر ئاسایشی سلێمانی تۆماردەکەین چونکە ئاسایشی سلێمانی ناوبانگی شاری سلێمانییان ناشرینکردووە بەمجۆرە ڕەفتارانە و ئازادی ڕۆژنامەنوسییان لە سلێمانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە".

سەبارەت بە کەیسی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە دوای دە ساڵ، ئەحمەد میرە دەڵێت "دەسەڵات دوای دە ساڵ ڕێگەنادات مەراسیمەکەی بەڕێوەبچێت چۆن ئەتوانێت بکوژانی سۆران ڕووبەڕووی دادگا بکاتەوە و دۆسیەکە لای دەسەڵات داخراوە، بەڵام لای ئێمەی ڕۆژنامەنوس کراوەیە".

سۆرانی مامە حەمە ساڵی ١٩٨٧ له ‌گه‌ڕه‌كی ڕه‌شید ئاوای شاری كه‌ركوك له‌دایكبووه، و بەرپرسی نوسینگەی کەرکوکی گۆڤاری لڤین بوو، لە ڕۆژی ٢١ی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٨ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەرکوک تیرۆرکرا.


PM:08:42:21/07/2018