هەمووشتێک لە بارەی هێرشی چەکدارەکان بۆ پارێزگای هەولێر

پارێزگاری هەولێر وردەکاریی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر بارەگای پارێزگای هەولێری ڕاگەیاند و دواتر بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕوونی کردەوە ناسنامەی سەرجەم "تیرۆرستەکانیان لا ئاشکرایە

نەوزاد هادی، پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ”بەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:١٢ خولەک، سێ تیرۆریست هەڵیانکوتایە سەر بارەگای پارێزگای هەولێر. لە کاتێکدا باڵاخانەیەکی مەدەنییە و شەو و رۆژ لە خزمەتی هاووڵاتییانە. ئەم پۆلیس و پاسەوان و فەرمانبەرانە لە خزمەت هاووڵاتییان دان. تیرۆریستان پێشتریش هەڵیانکوتاوەتە سەر پارێزگا و پۆلیسێکیان بریندار کرد، هەر ئەوکاتە چوونە نێو بارەگای پارێزگا، دەست بەجێ قارەمانەکانی ئاسایشی هەولێر هاتنە نێو باڵاخانەکە و لە ماوەیەکی کورتدا دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کرد و هەرسێ تیرۆریست کوژران. بەداخەوە خزمەتگوزارێک شەهید کرا".

هەروەها دڵنیایی دا بە هاولاتیان و ڕایگەیاند ”خەڵکی دڵنیا دەکەینەوە کە دەزگا ئەمنی و فەرمانبەر و ئاسایش و پۆلیس لە خزمەت هاووڵاتییان و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دەبێت و ئەم جۆرە عەقڵیەتە دواکەوتووانەیە و تیرۆریستییانە ناتوانن کارمەند و قارەمانانی ئێمە بێئومێد بکەن. خەڵک دڵنیا دەکەینەوە ئێمە لە خزمەت هاووڵاتییان دەبین".

هاوکات تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ”ناسنامەی تیرۆریستەکان لای ئێمە ناسراون و خەڵکی هەولێرن و دواتر لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی ڕووداوەکەوە دەکەین. دواتر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین".



PM:02:35:23/07/2018