سپی زانیاری مەترسیدار لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆی پارێزگای هەولێر بۆ یەکەمجار ئاشکرا دەکات

تایبەت بە سپی

ئەمڕۆ بۆ جاری سێهەم هێرشێکی چەکداری بۆ بینای پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا و ئەوەی جێگەی سەرنجە کە تەنها یەک پاسەوانی لێبووە لە کاتێکدا بینای پارێزگایەکی وەک سلێمانی دەبێت بەردەوام سەر و ١٠٠ پاسەوانی لێ بێت و سپی بۆ یەکەمجار هەندێک نهێنی هێرشەکەی ئەمڕۆ ئاشکرا دەکات.

لە ساتەوەختی دروستبوونی داعشەوە تا ئێستا سێ "هێرشی تیرۆرستی" کراوەتە سەر بینای پارێزگاری هەولێر و ئەو گروپەی ئەمڕۆش هێرشکەیان ئەنجامداوە ئەگەرچی ڕوون نییە سەر بە داعش بن یاخود نا بەڵام بە گوێرەی زانیارییە هاوڵگرییەکان کوردن و خەڵکی شاری هەولێرن، هەروەها بەردەوام سەردانی مزگەوتەکانی ئەو شارەیان کردووە.

ئەو پاسەوانەی ئەمڕۆ لە هێرشەکەدا بۆ سەر بینای پارێزگاری هەولێر بریندار کرا جاری یەکەم نییە بریندار بکرێت و پێشتریش لە هێرشێکدا هەمان کەس بریندار بووە.

ئەگەرچی لە بەیانیاندا دەبێت لە پارێزگاکاندا سڵاوی سەربازی ئەنجام بدرێت کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە پێویستە ژمارەیەکی زۆر پاسەوانی لێ بێت، بەڵام ئەوە لە پارێزگای هەولێر ڕوونادات و ئەمڕۆش دەرکەوت هۆکەی ئەوەیە کە تەنها یەک پاسەوانی لێبووە کە ئەمە شارەزایانی سەربازی ئاماژە بە کێشەیەکی مەترسیداری ئەمنی دەکەن لە پاراستنی ئەو بینایەدا.

خاڵێکی دیکە بینای پارێزگای هەولێر بە هۆی ئەوەی کە پارێزگار سەرۆکی لیژنەی ئەمنییە دەبێت زۆر مەحکەم بێت، بە هۆی ئەوەی لە سەنتەری پارێزگایە و شوێنێکی هەستیارە پێویستی بە ڕێوشوێنی ئەمنی توند هەیە، بەڵام وەک شارەزایانی سەربازیی دەڵێن بەم هێرشەدا دەرکەوت بۆشاییە ئەمنییەکان پڕنەکراونەتەوە کە دەبوایە دوای هێرشەکانی پێشتر بە تەواوی کۆنتڕۆڵکرایە.



PM:04:28:23/07/2018