ئاسایش هەولێر رایگەیاند، سێ هێرشبەرەکەی سەر بینای پارێزگای هەولێر سەربە مەلا ئیسماعیل سوسەیی بوون، کە سێ هەفتە پێش ئێستا بەهۆی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیرکراوە.
تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە میدیاکانی نزیک لە پارتی راگەیاند،" ئەو سێ کەسەی دوێنێ دووشەممە لە کاتی ئەنجامدانی هێرشێکدا بۆسەر بینای پارێزگای هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران، سەر بە مەلا ئیسماعیل سووسەیی بوون.
وتیشی، "سێ هەفتە پێش ئێستا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش، مەلا ئیسماعیل سوسەیی دەستگیرکراوەو، لەبەردەم دادگادا دانی بەوەدا ناوە کە بەیعەتی بە داعش داوە".
رۆژی دووشەممە ٢٣ی تەمووز، کاتژمێر 07:15 خولەکی سەرلەبەیانی لەلایەن سێ مێردمنداڵەوە هێرشێکی چەکدارییان بۆ سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر ئەنجامدا، سەرەتا پاسەوانی بەر دەرگای باڵەخانەی پارێزگایان بریندارکرد، دواتر دوو چایچیی پارێزگایان بە بارمتەگرت، بەڵام دواتر ئاسایش توانی یەکێکیان رزگاربکات، ئەوەی دیکەش شەهیدکرا، هەروەها چوار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون، کە برینی سیانیان سووکە.
جێی ئاماژەیە پپێشتر مەلا ئیسماعیل سوسەیی بەهۆی وتارە تووندەکانیەوە لە ساڵی 2010 لە وتاربێژی مزگەوت دوورخراوەتەوە، دواتربەهۆی بلاوکردنەوەی وتارەکانی لە یووتوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە 21ـی ئابی 2011 لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراو پاش ماوەیەک ئازاد کرا، هەروەها لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوشدا بە تۆمەتی پەیوەنندی بە داعشەوە دوبارە دەستگیرکرا و لەبەردەم دادگاش دانی بە تاوانەکەیدا نا.