" یەکێتی لەسەر بارەگاکانی پەکەکە زانیاری دەدات بە تورکیا "

میدیایەکی نزیک پارتی چوونی دوو وەفدی یەکێتی بۆ تورکیا ئاشکرا دەکات و ئەو حیزبە تاوانبار دەکات کە زانیاری لەسەر بارەگاکانی پەکەکە لە چیای قەندیل دەدات بە تورکیا. 

ماڵپەڕی باسی نزیک پارتی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات " لە ماوەی رابردوودا، پێوەند بە بنکە و بارەگا و رێکخستنەکانی پەکەکە لە سنووری زۆنی سەوز، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سوود وەرگرتن لە زانیاریی دەزگا ئەمنییەکانی خۆی، زانیاریی ھەواڵگریی وردی سەربازی و ئەمنیی داوە بە بەرپرسانی تورکیا".

ئەو ماڵپەڕە لەزاری سەرچاوەکەیەوە ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی رابردوودا، لەدوای نەکردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا داوە و دوو جار شاندی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی ئەو حزبە، سەردانی تورکیایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردووە.
سەرچاوەکە زیاتر باسی لە ھۆکارەکانی چوونی ئەو دوو شاندەی یەکێتی بۆ تورکیا کرد و روونی کردەوە " یەکێتی دەیەوێ گەمارۆی تورکیا لەسەر خۆی لابدات، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو گەمارۆیەی لەلایەن ئەمەریکاوە خراوەتە سەر ئێران، کاریگەریی نەکاتە سەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی سنووری سلێمانی، کە رەنگە بە توندبوونی گەمارۆی سەر ئێران لە مانگی داھاتوودا، دۆخەکە سلێمانییش بگرێتەوە".

ماڵپەرەکە دەشڵێت " پەکەکە لە سنووری سلێمانی سەیتەرەی تەواوی کردووە و تا دێت بارەگا و پێگەکانی زیاتر دەکات، بە شێوەیەک لە دۆڵی خانەقاوە تاوەکوو دەگات بە ناحیەی سەنگەسەر لەسەر ڕێگەی رانیە و قەڵادزێ، دەیان بارەگا و بنکە و بازگەی سەربازیی داناوە و بۆ بەرپرسانی یەکێتییش نییە لەو رێگەیە بە چەکەوە ھاتوچۆ بکەن. یەکێتی دەیەوێ بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئەو مامەڵەکردنە بە پەکەکەوە، خۆی لەو مەترسییانەی پەکەکەش لەسەر ھەژموونی دەسەڵاتی لە سنووری سلێمانی ڕزگار بکات و بە رێککەوتن لەگەڵ تورکیا پەکەکە لەو سنوورە لاواز بکات" .




PM:01:42:24/07/2018