ئاسایش بەرپرسێکی کۆمەڵی ئیسلامی بە داعش تۆمەتبار دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەولێر، سەلیم شووشکەیی پەرلەمانتاری کۆمەڵ بەوە ناوزەد دەکات کە داعشەو هەڵهاتووە بۆ سلێمانی. 
لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر تاریق نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەولێر،ئاماژە بە دەستگیرکردنی تۆڕێکی تیرۆریستی لە شاری ھەولێر دەکات و دەشڵێ، مەلا ئیسماعیل سووسەیی سێ حەفتەیە دەستگیر کراوە و ددانی بەوەدا ناوە، لە ھەولێر خەریکی جێبەجێکردنی پیلانێکی تیرۆریستی بووە و چەندین چەکیش لە ماڵەکەیدا گیراوە.

لەبارەی مەلا سەلیم شووشکەیی پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەلی ئیسلامیش دەڵێ، مەلا سەلیم خۆی لە سلێمانی حەشار داوە و بەڵگەیان لەسەری ھەیە، کە داعشە.

دکتۆر تاریق نووری دەڵێت "زانیاریی ئەوەمان نەبووە ھێرش بکرێتە سەر باڵەخانەی پارێزگا، بەڵام کاتێک مەلا ئیسماعیل سووسەیی دەستگیر کرا زانیمان شتێکی لەبەردەستە و دەیەوێ پیلانێک جێبەجێ بکات، دوای دەستگیرکردنی کۆمەڵێک چەکی جۆراوجۆر لە نێو ماڵی مەلا ئیسماعیل سووسەییدا دەستی بەسەردا گیرا".

سەبارەت بەخوێندنەوەی جیاواز کە بۆ ڕووداوەکەی دوێنی دەکرێت، دکتۆر تاریق نووری وتی " ئەوە خەڵکانێک وەک خۆیان بیر دەکەنەوە، پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتی ھەبووە ویستوویانە بە سیاسی بکەن، ئێمە دیکۆمێنت و کامیرامان لەبەردەستە، چەندین تۆڕی تیرۆریستیمان دەستگیر کردووە، خەڵکێک لەخۆیانەوە دەڵێن سیناریۆیە، ھەر کارێک بکەین لە ڕووی ئەمنییەوە خەڵکێک بە سیناریۆ وەسفی دەکەن، ئێمە ئەمنییەتی وڵاتی خۆمان دەپارێزین و گوێ بە قسەی ھەندێ کەس و لایەن نادەین".

دەربارەی چوونی ھێزەکانی ئێوە چوونەتە سەر ماڵی مەلا سەلیم شووشکەیی ئەویش، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر دەڵێ "ئەو پەرمانتارەی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی، مەلا سەلیم شووشکەیی، کەسێکە سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعشە و لە دادگا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و پێویستە دەستگیر بکرێت، ئێستا حەسانەی پەرلەمانی نەماوە و دەمانەوێ دەستیگری بکەین، پێشتریش وەزارەتی ناوخۆ نووسراوی بۆ پەرلەمانی عێراق کردووە لەسەر سەلیم شووشکەیی، بەداخەوە پەرلەمانی عێراق وەڵامی نەبووە".

دکتۆر تاریق نووری ئاشکرای دەکات ئەوان پەیوەندییەک لەو جۆرەیان نییە لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی و دەڵێت " تا ئێستا چەندین کەس فەرمانی گرتنیان ھەیە و لە سنووری پارێزگای سلێمانی خۆیان حەشار داوە، ژمارەیەک لەوانە بە تۆمەتی کوشتن فەرمانی گرتنیان ھەیە، ھەڕشە لەسەر دزی و تاوانی دیکە ڕای کردووە بۆ سلێمانی و خۆی حەشار داوە، مەلا سەلیم شووشکەیی ھەر لە سلێمانی خۆی حەشار داوە و تۆمەتبارە بە تیرۆر، ئێستا لە ھەولێر نەماوە و گومانی زۆرمان ھەیە لە سلێمانی خۆی حەشار دابێت".




PM:05:03:24/07/2018