"وەزیری دارایی دەستی لە داهاتی نەوت دەرچووە"
وەزارەتی دارایی لە داهاتی نەوت تەنیا بڕی ٣٧٨ ملیار دیناری لە هاڵک بانک بۆ دادەنرێت، ئەوەشی لە هەژمارێکی دیکەوە بۆ دێت، کە داهاتی نەوتەوەزیری دارایی نازانێت چەندی تێدایە، لە کاتێکدا بەپێی یاسا دەبێت داهاتی هەرێمی کوردستان بچێتەوە وەزارەتی دارایی و لەژێر کۆنترۆڵی ئەو وەزارەتەدا بێت، بەڵام ئێستا داهاتی نەوت لەژێر دەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندایە.
٢١ی ئابی ساڵی ٢٠١٥، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەیاننامەیەکی لەسەر فرؤشتن و داهاتی نەوت بڵاوکردەوە، کە ئاماژە بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کراوە، کە لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵدا دەری کردووە.
لە بڕیارەکەدا دەستەڵات بە وەزیری دارایی بەخشراوە بۆ بەڕێوەبردنی جووڵەی پارە لە حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هالک بانک، ئەوەش هاتووە کە هەر داهاتێکی تریش کە ناچێتە سەر حسابی ئەو بانکە لەبەر هەر هۆکارێک دەبێت ئاڕاستەی حسابی وەزارەتی دارایی بکرێت لە بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان.
هەفتەنامەی ئاژانس لە زاری شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، کە وەزیری داراییان بانگهێشتی لیژنەی پەرلەمان کردووەو پێی وتون ،"داهاتی نەوت لە دوو هەژماری بانکییە ، یەکێکیان دەدرێت بە وەزارەتی دارایی و مانگانە ٣٧٨ ملیار دینارە، بەلام ئاگاداری ئەوی دیکەیان نییە".
ئەوپەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە وەزیری دارایی ئەوەشێ وتووە، "ئەو داهاتەی نەوت، کە دەدرێت بە وەزارەتی دارایی پێی دەدرێت نەک خۆی تەحەکوم بە داهاتەکەوە بکات"، بە پێیە بێت ئەو بڕەی تری داهاتی نەوت کە زیاترە لەو بڕەی دەدرێت بە وەزارەتی دارایی کەس نازانێت چی لێدێت.
AM:11:56:25/07/2018