گۆڕان: بەیەکگرتوو بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەنگاو دەنێین

بزووتنەوەی گۆڕان لە یادی دامەزراندیدا رایدەگەیەنێت " بزوتنەوەی گۆڕان بە یەکگرتوویی و بەورەیەکی پۆڵاینەوە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەنگاودەنێت".

لە راگەیەندراوێکدا کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندیدا تێدەپەڕێت، ئەو بزووتنەوەیە رایدەگەیەنێت " خەڵكی كوردستان‌ دڵنیا دەكەینەوە كە لەسەر بەرنامەی سیاسی‌ و بەڵێنەكانمان و بیر و دنیابینی نەوشیروان مستەفا بەردەوام دەبین‌و پشت ئەستورین بە پشتیوانی خەڵک و دۆست و هاوپەیمانەکانمان".

ئەو راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە دوو رۆژ لەمەبەر عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی راپەڕاندن ریگەیاند کە ئەو پەیوەندی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا پشتگیری بزووتنەوەکە دەکات، هەروەها چەند ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی و گشتی ئەو حیزبە بەهۆی کێشە ناوخۆیەکانیەوە وازیان هێناوە.

ئه‌مه‌ش ده‌قی بڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌..
 
هاونیشتیمانیانی كوردستان گۆڕانخوازانی سەر بەرز (9) ساڵ لەمەوبەرو لە ٢٥ی٧ی٢٠٠٩دا بزوتنەوەی گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خاوەن بەرنامەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی، یەكەم بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا كردو لەو هەلومەرجە دژوارو ئاڵۆزەدا توانی ببێتە هێزێكی كاریگەر لە خەباتی مەدەنی و گۆڕەپانی سیاسی لەكوردستان ‌و عێراق و ناوچەكەدا. 

هەر ئەم ڕۆژەش (25/7) هاوكاتە لەگەڵ دروستبونی یەكەمین ئۆپۆزسیۆنی سیاسی فەرمی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستانی عێراق دا، كە بزوتنەوەی گۆڕان داینەمۆ و داهێنەرەی بوو. 

گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی کۆمەڵایەتی و خاوەن بەرنامەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی سیاسی، خۆی راگەیاند، گۆڕان خەبات دەکات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانییەکان و گەییشتن بە مافی چارەی خۆنوسی میللەتەکەمان، لە ڕووی سیاسیشەوە خەبات دەکات بۆ نەهێشتنی گەندەڵی سیاسی و ئابوری و دارایی و کارگێڕی و یاسایی لە دامودەزگاکانی هەرێم، بەڕێگای ئاشتی و مەدەنیانە.

 لەو پێناوەشدا سەرەڕای رێگری و ئاستەنگ و فشارەکان،باجی زۆری داوە. ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ، بەهۆی شكستی دەسەڵات و پەکخستنی پەرلەمان و حکومەت و پرۆسەی سیاسی و هەڵەی نەگونجاوی كاتی ریفراندۆم و لەدەستدانی لە 51٪ خاکی هەرێم و قەیرانی بێموچەیی و نەبونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی تەزویر و ساختەکاری، ژیانی هاوڵاتیان‌ و ئاشتی كۆمەڵایەتی لەهەرێم و لەناوچەدابڕاوەكان خستۆتە بەردەم مەترسییەكی گەورەوە. 

دەسەڵاتە شكستخواردوەكەی هەرێم، لە بری چارەسەركردنی كێشە وقەیرانەكان‌ و دەستەبەركردنی یەكڕیزی نیشتیمانی‌، تەزویرێكی گەورەی بەهاوكاری دەولەتان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو ئەنجامدا، کە دەلالەتی ترس بوو لەسەرکەوتنی گۆڕان لەو هەڵبژاردنەدا، كە هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو هەمان خۆنەویستی و ئازایەتی بۆ پشتیوانیكردنی گۆڕان درێژەی هەبو. لەپاڵ هەڵسوڕاوەكانمان، كە بەگیانی یەك تیم كاریان ئەكرد، سەدان هەڵسوڕاوی گەڕۆك و خۆبەخش، ئازایانە، پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان بون. 

خەڵكی كوردستان‌ دڵنیا دەكەینەوە كە لەسەر بەرنامەی سیاسی‌ و بەڵێنەكانمان و بیر و دنیابینی نەوشیروان مستەفا بەردەوام دەبین‌و پشت ئەستورین بە پشتیوانی خەڵک و دۆست و هاوپەیمانەکانمان.

لە كۆتاییدا، رایدەگەیەنین بزوتنەوەی گۆڕان بە یەکگرتوویی و بەورەیەکی پۆڵاینەوە بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەنگاودەنێت و کاردەکات بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتیەکی بەهێز لە نێوان لایەنەکان تا لەڕێگەیەوە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسی دەست پێ بکات. 

بزوتنەوەی گۆڕان 25/7/2018



PM:08:14:25/07/2018