وەزیری تەندروستی بڕیاری قەدەغەکردنی نەشتەرگەری لە پزیشکێک دەدات.. پزیشکەکە بەردەوام بووە لەنەشتەرگەری‌و عیادەکەشی کراوەیە

ئا: سازان تۆفیق

لە ٢٠ ئایاری ساڵی ٢٠١٨ وەزیری تەندروستی بڕیار دەدات، دکتۆرە دلۆڤان عەلی دەروێش لە ئەنجامدانی هەموو جۆرە نەشتەرگەریەک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان رابگرێت، بەڵام سەرباری ئەو بڕیارە، ناوبراو بەردەوامە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری و عیادەکەشی لە شاری سلێمانی رۆژانە کراوەیەو نەخۆش دەبینێت.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە ژمارە ٢٩٨٦ ی بەرواری٢٠-٥-٢٠١٨ لەسەرە، تیایدا هاتووە "دكتۆرە دلۆڤان عەلی دەروێش، پزیشكی نەخۆشیەكانی ژنان و مناڵبوون لە نەخۆشخانەی گشتی سەیدسادق ئەنجامدانی نەشتەرگەری لێ قەدەغە دەكرێت لە نەخۆشخانە تایبەتەكان و، نۆرینگە پزیشكیەكەی بۆ ماوەی یەك ساڵ دادەخرێت"، ئەوەش لە كاتێكدایە داخستنی نۆرینگە پزیشكیەكان بە بڕیاری حكومەت هۆكارەكەی بۆ هەڵەی پزیشكی و چەند ڕێنماییەكی دیكەی تایبەت بە وەزارەتی تەندروستی دەگەڕێتەوە كە لە پزیشك و نۆڕینگەكەیدا نییە.



هەر لە بڕیارەكەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە " ناوبراو دەوام دەكات وەك پزیشكی نیشتەجێی دێرین لە نەخۆشخانەی ژنان و مناڵبوون و دوای تەواوبوونی ماوەی ساڵەكە وەكو پزیشكی نیشتەجێی دێرین دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێتەوە لەلایەن لیژنەی زانستیەوە".

بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەم فەرمانەی لە ڕۆژی دەرچوونیەوە کە ٢٠-٥ كاری پێدەكرێت و دەبێت پزیشكی ناوبراو پابەند بێت پێیەوە.


بەپێی بەدواداچوونی سپی و سەردانی پەیامنێری ماڵپەڕەکە، دکتۆرە دلۆڤان عەلی، دوای دەرچوونی ئەو فەرمانە لەلایەن وەزیری تەندروستی، د. رێکەوت حەمە رەشیدەوە، بەردەوام بووە لە نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی رۆیاڵی ئەهلی لە سلێمانی و، دوا نیوەڕوانیش لە عیادەکەی بەرامبەر نەخۆشخانەی شیرەکەی سلێمانی کە دەکەوێتە گەڕەکی ئیبراهیم پاشا، بەردەوامە لە بینی نەخۆش.

وەک سپی بەدواداچوونی بۆ کردووە یەکێک لەو نەخۆشخانانەی ئەو دکتۆرە نەشتەرگەری تیا ئەنجام دەدات، نەخۆشخانەی " رۆیاڵی " تایبەتە لە گەڕەکی تووی مەلیک، كاروان حسێن جەعفەر، سەرپەرشتیاری بەشی میدیكاڵ لە نەخۆشخانەی ڕۆیاڵ رەتیکردەوە کە دكتۆرە دلۆڤان عەلی لە نەخۆشخانەکەیان نەشتەرگەری ئەنجام دابێت، بەلآم لە رێگای بەدواداچوونی ماڵپەڕی سپی بۆ دۆسیەکەو لە رێگای پەیوەندی تەلەفونییەوە بۆی پشتڕاست بوەوە کە ناوبراو دوای دەرچوونی فەرمانە وەزارییەکەش لەو نەخۆشخانە تایبەتە نەشتەرگەری ئەنجامداوە. ( بەڵگەی دەنگی لای سپی پارێزراوە کە ناوبراو لەو نەخۆشخانەیە نەشتەرگەری ئەنجامداوە).

پەیامنێری " سپی میدیا " بۆ بەدواداچوونی زیاتری دۆسیەکە  سەردانی نۆرینگەی تایبەتی دکتۆرە دلۆڤانی کرد کە دەکەوێتە سەر شەقامی ئیبراهیم پاشا و لە ژووری پێشوازی ئاپۆڕای نەخۆش سەرەی گرتبوو کە بچنە لای دکتۆرەی ناوبراو.


دکتۆرە دلۆڤان عەلی هەر لەسەرەتای دیدارەکەدا رێگای نەدا بە پەیامنێری سپی ریکۆردی قسەکانی بکات، بەس هێندە وتی "دوای ئەوەی ( ظلم ) داوام بەرزکردۆتەوە بڕیاری سزادانم هەڵوەشاوەتەوە"، هەروەها وتیشی"من زیانم بە هیچ کەس نەگەیاندووە ئەگەر نەخۆشێکیش پێیوایە زیانم پێگەیاندووە دەتوانێت داوای یاسایی تۆمار بکات".
 سەبارەت بە داخستنی نۆرینگەکەشی ( عیادەکەی ) کە لە بڕیاری وەزارەتی تەندروستدا هاتووە، وتی "داخستنی نۆڕینگە پەیوەستە بە سەندیکای پزیشکان نەک وەزارەتی تەندروستی".


بەڕێوەبەری پشکنین و بە دواداچوونی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی د. عادل عوسمان ساڵح سەبارەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری لەلایەن دکتۆرە دلۆڤان عەلی یەوە لە نەخۆشخانەی رۆیاڵی ئەهلی، کە بەپێی فەرمانەکە لێی قەدەغەکراوە، وتی " ئێمە بە شەفەهی ( دەمی ) فەرمانەکەی وەزارەتی تەندروستیمان پێ راگەیاندن، وتیان باشە جێبەجێیدەکەین، بەڵام کە چووینە ئەوێ لە ناوەڕاستی مانگی تەموزدا سەیرمان کرد فعلەن نەشتەرگەری ئەنجامداوە، ئیتر بوو بە گفتوگۆ و دەنگەدەنگمان، لە کۆتاییدا داوایان کرد بە نوسراو فەرمانە وەزاریەکەیان بۆ بنێرێن، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە هاتنی لیژنەکەمان لە بری کتابە فەرمیەکەیە، دوای بە نوسراوی فەرمیش لە ١٩-٧ ئاگادارمان کردنەوە، ئەوەی ئێمە ئاگامان لێبێت هەفتەیەکە نەچووە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری".

بەڕێوەبەری پشکنین و بە دواداچوونی لە بەڕێوەبەراییەتی گشتی تەندروستی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد سەندیکای پزیشکانیان ئاگادار کردۆتەوە تا نۆرینگەکەی دابخەن، ئەو وتی " ئێمە دەسەڵاتمان هەیە عیادەکەی دابخەین، بەڵام وتمان بازنەدەین بەسەر ئەوانداو وەک رێزێک بۆ ئەوان، بەڵام ئەگەر تەنفیزی نەکەن، ئەوا ئێمە دەچین دایدەخەین".



د. تەها مەحوی نەقیبی سەندیکای پزیشکی لە پاێزگای سلێمانی لەسەر دانەخستنی نۆرینگەکەی دکتۆرە دلۆڤان عەلی کە لە رێکەوتی ٢٠-٥ بڕیارەکە دەرچووە، ئەو بە سپی راگەیاند" ئەگەر تەماشای فەرمانەکە بکەین، بڕگەی یەکەم دەبێت بکرێتەوە مە ( مقیمە قودما ) ، ئەم ئێستا پزیشکی ئیختسائیە، کە کرایەوە بە موقیمە قودما، دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی و لەوێ دەوام دەکات، ئەو کاتە بڕگەی دووەمی ئەوەیە کە عیادەکەی بۆ داخرێت و ئێمە ئەو کارە ئەنجام دەدین".
ماڵپەڕی سپی بۆ بەدواداچوونی ئەوەی تا ئێستا ئەو فەرمانە بەرامبەر ئەو پزیشکە جێبەجێنەکراوە؟، پەیوەندیکرد بە د. ڕێکەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی، ئەو لای خۆیە جەختی لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانەکە کردەوەو وتی " پەیوەندی بەلایەنە پەیوەندیدارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە دەکەم".


PM:10:28:26/07/2018