حکومەتی هەرێم لەسەر دابەشکردنی مووچە روونکردنەوە دەدات

وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی جەختدەكاتەوە لەسەر دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەی مانگانە و ڕایدەگەیەنێت، كە هیچ گرفتێك لە پێدانی مووچە نییە.

سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی بۆ كەناڵی (كوردستان24) ڕایگەیاند، كە وەزارەتی دارایی لە خشتەی مووچە بەشێوەیەكی ڕێكخراو بەردەوامە و وتیشی، "لە مانگی ئازارەوە تا ئێستا هەموو 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەشكراوە و بەردەوام دەبێت”.

ڕاشیگەیاند، كە ئەو مووچەیەی دەدرێت لە پارەی فرۆشتنی نەوت و ئەو بودجەیەیە، كە لە بەغداوە دەگاتە هەرێمی كوردستان.
وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم جەختیشی كردەوە، كە هیچ گرفتێك لە دابەشكردنی مووچە نییە.

لە مانگی تەمموزدا حكومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی نیسان بە سیستمی دەستكاری كراوی پاشەكەوت دابەشكرد و بڕیارە لە مانگی ئاب مووچەی مانگی مایس (5) دابەش بكرێت و بە دوو خشتە مووچە ڕادەگەیەنرێت، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی 3 مووچەی ئەمساڵ یەكلایی نەكراوەتەوە.



PM:07:52:29/07/2018