ئەندامێکیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پیشبینی دەکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا ئاسایی ببنەوەو، هاوکات سەرکردایەتی تورکیاشی بە زیرەک وەسف کرد کە دەتوانن چارەسەرێک بۆ کێشەکانیان لەگەڵ یەکێتی بدۆزنەوە.
سەعدی پیرە، لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ ئاماژە بەوەدەکات، "
پەیوەندییەکانی ئێمە و تورکیا بەداخەوە لە قۆناغێکی باشدا نەبوو، بەڵام وا ئێستا وردە وردە پێشبینی دەکەم ھەموو لایەک چاوخشاندنەوە بکەینەوە".
دەشڵێت،" تورکیا وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و یەکێکە لە ھێزە ھەرێمایەتییەکان، ئێمەش سەردەمی گەمارۆی ئابووری و ھەڕەشە و ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان لەسەرەتای نەوەدەکان لەبیرمان ناچێت تورکیا یارمەتییەکی یەکجار زۆری داوین، بۆیە پێویستە "ناکر الجمیل" نەبین و لەھەمان کاتیشدا مامەڵەمان لەگەڵ یەکتر لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر بێت".
پیرە ئاماژە بەوەشدەکات، " سەرکردایەتی تورکیا سەرکردایەتییەکی زیرەکە و دەزانێت چارەسەرێکی سیاسیی گرنگە بۆ ئەو کێشەیە، لەو سەردەمەدا راپۆرتنووس زۆرن و نانی پێوەدەخۆن و بەشی زۆری ئەو شتانەی کە یەکێتی پێ تاوانبار دەکرێت راست نیین، پێموایە پێویستی بە لێکۆڵینەوە ھەیە و پێشبینی دەکەم لەماوەیەکی کورتدا پێکەوە ھاوکاری دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
دوا بەدوای دەستبەسەرکردنی سێ ئەندامی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە قاوەخانەیەکی دووکان لە سنووری سلێمانی لەلایەن پەکەکەوە، پەیوەندییەکانی یەكێتی و تورکیا چوونە ئاستێکی خراپ و یەکێتیان بە پشتیوانی پەکەکە "تۆمەتبار" کرد ، دواتر تورکیا نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە رەوانەی هەرێمی کوردستان کردەوە. لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیش کە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگیران، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ سلێمانی دەستپێنەکردووەتەوە.