نەوەی نوێ: دواخستنی هەڵبژاردن ڕەتدەکەینەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوی ڕایگەیاند دژی هەموو هەوڵێکن کە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ سپی نێردراوە دەڵیت جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌" دژی هەر هەوڵێكە بۆ دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە چونکە ئەو هەوڵە سوكایەتییە بە پڕۆسەی دیموكراسی و زەرورەتی هەڵبژاردن وەك یەكێك لە پایەکانی دیموكراسیی ،وە ئەم هەوڵە ترسی حزبەكانی دەسەڵاتە لە دۆڕاندنیان، کە پێمان وایە جووت حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدی هاوڕاو هاوکارن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان کە ئەمەش گوزارشتە لە ترسی قووڵی هەموو حزبە تەقلیدیەکان لە گەشەکردن و سەرکەوتنەکانی نەوەی نوێ و ئاوابوونیی دەسەڵاتی شکستخواردوو."

ڕاشیانگەیاندووە "ئەم هەوڵانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەیەکی ئاشکرایە کە حزبەکانی دەسەڵات و هاوکارەکانیان روبەروی شکستی قوڵ و هەمەلایەن بونەتەوەو دەترسن لە هەلبژاردنی داهاتودا نەتوانن بە تەزویریش شکستەکانیان بپۆشن، هەروەها دەترسن بەشداری فراوانی دەنگدەرانی کوردستان و پشتیوانی چین و تویژە جیاجیاکان بۆ نەوەی نوێ روبەروی شکستی گەورەیان بکاتەوە. "

لە کۆتایی ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە بۆیە جوڵانەوەكەمان هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بە توندیی رەتدەكاتەوە و هەروەها لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم هەوڵەکانی دەخاتە گەر بۆ شکستپێهێنان بە دواخستنی هەلبژاردن.



PM:04:49:02/08/2018