" هەفتەی داهاتوو ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکرێت "


پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عیراق، رایدەگەیەنێت " ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، هەفتەی داهاتوو ئاشكرا دەكات".

عالیە نوسەیف لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند”كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە لە دادوەران پێكهاتووە، لە ماوەی هەفتەی داهاتوو، دەست دەكات بە راگەیاندنی ئەنجامی ئەژمار و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 12ی ئایاری رابردوو”، 
نوسەیف رەتیكردەوە گۆڕانكاریی گەورە رووبدات، جگە لە هەندێك ناوەندی دەنگدان لە خۆرئاوا و باكووری وڵات.

پەرلەمانتارەکە رایدەگەیەنێت " ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە و پەسەندكردنی لەلایەن دادگای فیدراڵ، گۆڕانكارییەكی گەورە لە هاوپەیمانییەكاندا دروست دەكات، رەنگە پرۆسەی سیاسی هاوپەیمانی نوێی بێ‌ پێشینە بەخۆوەبینێت، چونكە هەموو هاوپەیمانییەكانی ئێستا جێگیرنین و تەنیا لێكگەیشتنی سیاسین”.

رۆژی ١٢ ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو لە رێگای ئەلکترۆنییەوە ئەنجامەکان راگەیەندرا، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم و هێزە تورکمان و عەرەبەکانی کەرکوک و هەندێکی هێزی سونەوە لە ناوەراست و باشوری عێراق رەتکرایەوەو دەستکرا بە جیاکردنەوەی دەستی ئەو سندوقانەی سکاڵایان لەسەرەو بڕیارە لە هەفتەی داهاتووە.



PM:08:03:02/08/2018