پارتی: یەکێتی‌و گۆڕان‌و کۆمەڵ دەیانەوێت هەڵبژاردن دوا بخرێت

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان داوایان كردووە هەڵبژاردن دوا بخرێت و لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەیەكەوە ئەنجام بدرێت.

هاوار محەمەد بەرپرسی بەشی یاسای لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی "وشە"ی راگەیاندووە، "هەوڵێكی زۆر هەیە لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسیی حزبەكان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوا بخرێت".

ئەو بەرپرسی پارتی بەو ماڵپەرەی راگەیاندووە "هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی دەیانەوێ‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوا بخرێ".

ناوبراو وتیشی" پارتی دیموكراتی كوردستان بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاتێكی تر دوا بخرێت كە زۆربەی لایەنە سیاسییەكان داوایان كردووە بەیەكەوە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت". 

هاوار محەمەد ئاماژەی دا كە كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم خەرجی زۆری كردووە لە ئامادەكارییەكان و هەموو رێكارەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن تەواو كراوە، بۆیە پێویست نییە دوا بخرێت.

بڕیارە ٣٠ ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و کۆمسیۆنی زۆرێک لە ئامادەکاریەکانی ئەنجامداوە.



AM:12:22:03/08/2018