" ئێران لە رێگای یەکێتی یەوە دەیەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخات"

دەنگۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پەرەسەندندایە، جگە لە پارتی و چەند حیزبێکی بچووک، زۆربەی لایەنەکانی تر لەگەڵ دواخستنیدان، بەلآم لە بەر مەترسی لەدەستدانی جەماوەرەکەیان، بە ئاشکرا رایناگەیەنن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، ئێرانییەکان لە رێگای یەکێتیەوە دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، یەکێتیش جگە لە داوای ئێرانیەکان، لەبەر کێشە ناوخۆییەکانیان ئارەزووی دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن تا کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە مانگی ٢٠١٨/١٢ دا بۆئەوەی کاتێک لەبەردەمیاندا بێت بە مەبەستی چاککردنی دۆخی رێکخراوەیی حیزبەکەیان، کۆنگرە ببەستن.

بەپێی ئەو زانیاریانە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە یەکێتی راگەیاندووە" تا کێشەی هەڵبژاردنی ئایاری پەرلەمانی عێراق یەکلایی نەبێتەوەو حکومەتی نوێی عێراق پێکنەهێنرێت، هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت ". ( ئێران رێکخستنەوەی حکومەتی عێراق و ماڵی شیعەی بەلاوە گرنگە، هەرێمی کوردستان بە پرسێکی لاوەکی دەزانێت ).

پارتی دیموکراتی کوردستان مەترسی ئەوەی هەیە کە یەکێتی ملنەدات بۆ سازدانی هەڵبژاردن و لەو کاتەدا کێشەی گەورە لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستدەکرێت.

ئەم ئارەزووەی یەکێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و داوای ئێرانیش لەو حیزبە کە هەوڵبدات هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، لەگەڵ بەرژەوەندی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووشدا دێتەوە کە مەترسیان هەیە دەنگەکانیان لە هەڵبژاردندا کەم بکات، بەلآم لە بەرجەماوەرەکەیان بە ئاشکرا رایناگەیەنن. 

یەکێتی جگە لە ناکۆکی نێوان باڵەکانی سەرکردایەتیەکەی، کێشەی لیستەکەی بەرهەم ساڵح رووبەروویان بۆتەوە.

هەرچی گۆڕانە کێشە ناوخۆیەکانی ئەو حیزبەو دوورکەوتنەوەی چەند هەڵسوڕاوی نێو بزووتنەوەکە، هەر لە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنەوە تا ئەندامی جڤات و گشتی، رایەکی گشتی لە نێو ئەو بزووتنەوەیەدا دروستکردووە کە ناتوانن دووەم ‌هێزبن و ئەم هەڵبژاردنەش ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێننەوە.

سپی زانیوویەتی هەڵوێستی ئەمەریکا کە لەرێگای برێت مەکۆرگ نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش کە هەفتەی پێشوو لە عێراق و کوردستان بوو بە بەرپرسانی کورد راگەیەندراوە، هەروەها لەرێگای باڵوێزی ئەو ولآتەو قونسڵەکەیان لە هەولێر راگەیەندراوە، ئەوان دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین و، ئارەزووی ئەنجامدانی دەکەن، بەلآم دوا بڕیاریشیان جێهشتووە بۆ لایەنە کوردیەکان.

هەرچی کۆمەڵ و یەکگرتووە مەترسی کەمبوونەوەی دەنگەکانیان لەوەوە هاتووە کە ژمارەیەک لە کادیرە دیارەکانی ئەو دوو حیزبە لەنێو ریزەکانی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەریدان.

ئەم هەفتەیە بەتەواوی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان یەکلایی دەبێتەوە کە بڕیارە ٣٠ ی ئەیلول بەبەشداری ٢٩ قەوارەو لیست بەڕێوەبچێت. 


 
  

AM:12:03:04/08/2018