"ئەگەر زۆرە هاوپەیمانی بایکۆتی هەڵبژاردن بکات"

ئەگەری زۆرە هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و وتەبێژی حزبەکەش ڕایگەیاند ئەگەر دڵنیایمان نەدرێتی سەبارەت بە هەڵبژاردنێکی تەندروست و پاک هەڵوێستمان دەبێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سپی ئەگەری زۆرە هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری کە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە سەرۆکایەتی دەکرێت بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و ئەمەشیان بە ئەمریکییەکان وتووە.

د. ڕێبوار کەریم. وتەبێژی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بە سپی میدیای ڕاگەیاند "ئێمە داوامان لە لایەن پەیوەندیدارەکان کردووە کە لەبارەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردەوە دڵنیایمان بدەنێ، ئەگەرچی کۆمسیۆن هەندێک هەنگاوی ناوە، بەڵام پێویستە بە تەواوی دڵنیامان بکەنەوە کە هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد دەبێت".

سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی کە ئەوە ڕوونەدات ڕایگەیاند کە لەو کاتەدا کۆدەبنەوە و لێیدەکۆڵینەوە و دواتر لە بارەیەوە بڕیار دەدەین و هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین.

لەبارەی ئەوەی ئایا لە ئێستادا بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنیان داوە، ناوبراو ڕەتی کردەوە بڕیارێکی لەو شێوەیان هەبێت و وتی ئێمە لیستی خۆمان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە و بۆ هەڵبژاردن ئامادەین.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت ماوەی چەند ڕۆژێکە چەند ڕۆژنامەنوس و چالاکوانێکی سیاسی کە بەشێکیان نزیک لە هاوپەیمانی بانگەشە بۆ دواخستن یاخود بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەکەن.



PM:03:51:04/08/2018