هەپەگە کوژرانی 19 سەربازی سوپای تورکیای راگەیاند

هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) کوژرانی  19 سەربازی سوپای تورکیای لە ناوچەکانی جولەمێرگ و سێرت-ی له‌ باکوری کوردستان راگەیاند.

ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 4ی ئاب، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئاماژەی بەوەکرد، دوێنێ هەینی لە کاتژمێر 9:50 خولەک لەنزیک هەرکیی سەربە شەمزینانی جولەمێرگ، گەریلاکانیان چالاکییەکیان لەدژی یەکینەیەکی نهێنیی سوپای تورکیا ئەنجامدا و لە ئەنجامی ئەو چالاکییەشدا سەربازێک کوژرا.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو،کە لە کاتژمێر 10:15 خولەکی بەیانیش لە گردی شکێرەسپیی سەربە شەمزینان چالاکییەکی دیکە ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو سەرباز کوژران، ئەوانی دیکەشیان گردەکەیان بەجێهێشت و ڕایان کرد.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر دوێنێ هەینی لە کاتژمێر 10:10 خولەکی شەو، لە دەوروبەری گەڤەری جولەمێرگ، لە دژی کاروانێکی سوپای تورکیا، کە لە بارەگای وەرگەنمەوە بەرەو ناوندی گەڤەر بەڕێوەبوو، چالاکییەک ئەنجامدرا و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورکیا تێکشکێندرا و 10 ئەندامی هێزە تایبەکانی سوپای تورکیا کوژران.

ئەوەش هاتووە. هەر دوێنێ لە کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ گەریلاکانی یەژاستار لەسەر گردی شەهید سۆرخوێنی سەربە شارۆچکەی بەرواریی سێرت، لە سێ قۆڵەوە چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا چوار سەرباز کوژران.

لەکۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هەپەگە باسی لەوەشکردووە، کە ئەمڕۆ شه‌ممه‌ له‌ کاتژمێر 8:30 خولەکی سەرلەبەیانی گەریلاکانی یەژاستار هەر لەو شوێنە یەکینەیەکی دیکەی سوپای تورکیان کردە ئامانج و دوو سەربازی سوپای ئه‌و وڵاته‌ کوژراون.


PM:08:38:04/08/2018