پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد "شێرکۆ بێکەس" تێدەپەڕێت بۆ ئەومەبەستەش ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 4ی ئاب لە مەراسیمێکدا پێنجەمین ساڵیادی شاعیری ناوبراو لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە کە لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە پاركی ئازادی لەسەر گڵكۆكەی بەڕێوەچوو دوو کتێبیش بڵاوکرانەوە، کە یەكێك لە كتێبەكان لە نوسینی كامەران سوبحانە بە ناوی (نامەكانی شێركۆ بێكەس_تاڤگەی وشەو هەڵوێست)، یەكێكی تریش لە كتێبەكان لە نوسینی هەڵو شێركۆ بێكەسە كە كوڕی شاعیر خۆیەتی بە ناوی سەدویەك ڕۆژ تەنیایی.

هەروەها 
هەر لە مەراسیمەكەدا بەرهەمەكانی شاعیر شێکرۆ بێکەس لە 8 بەرگدا فرۆشران.

شێركۆ بێكه‌س، كوڕی شاعیری گەورەی كورد فایەق بێكەسە، ساڵی 1940 لە سلێمانی هاتووه‌تە دنیاوە، لە ڕۆژی (4/8/2013) دوای نزیكەی (4) مانگ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەكی وڵاتی سوێد بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەكان گیانی لەدەستدا، لەسەر داوی خۆی لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی بە خاك سپێردراوە.

ناوبراو خاوەنی زیاتر لە (30) كتێبی شیعرییە، بەشێك لە شیعرەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی "عەرەبی‌و توركی‌و فارسی‌و ئینگلیزی‌و سوێدی‌و دانیماركی‌و فەرەنسی‌و ئیتالی‌و ئەڵمانی‌و هەنگاری‌و دوا كاریشی بەڕێوەبەری دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم بووە لە شاری سلێمانی.

شێركۆ بێكەس بە یەكێك لە تازەگەر‌و شاعیرە بەناوبانگەكانی شیعری كوردی ناسراوە، تائێستا دەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی لە بواری شیعردا وەرگرتوە، دیارترینیان لە ساڵی 1998 لە سوێد خەڵاتی توخۆلسكیی پێ بەخشراوە، كە یەكێكە لە خەڵاتە گەورەكانی بواری ئەدەبیات لە جیهاندا، بە یەكێك لە شاعیرە نوێخوازەكانی‌ ھاوچەرخی‌ كورد دادەنرێت.




PM:09:56:04/08/2018