"پێنج ڕۆژە ئەندامێکی هەدەپە لە هەولێر بێسەروشوێنە"

ئەندامێکی هەدەپە، دوای بانگکردنی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە، ماوەی پێنج ڕۆژە بێسەروشوێنە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازاندرێت.

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژ نیوز ڕۆژی ١ی ئاب، محەمەد وەفا کۆچاکلی، ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەولێر، نوێنەرایەتیی هەدەپەی هەولێری ئاگادارکردەوە کە لەلایەن ئاسایشەوە بانگکراوە، لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بە دەسەت نەگەیشتووە.

عابد ئیکە، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر بەو ماڵپەڕەی وتووە چەند جارێک لەبارەی محەمەد وەفا کۆچاکلییەوە پرسیارمان لە ئاسایشی گشتیی و ئاسایشی ڕاپەرینی هەولێر کردووە، بەڵام ڕەتیان کردووەتەوە کە ئەو ئەندامەی هەدەپەیان دەستگیرکردبێت.

ڕاشیگەیاندووە کە لەبارەی چارەنووسی محەمەد وەفا کۆچاکلییەوە بەرپرسانی باڵای پارتیشمان ئاگادارکردووەتەوە و داوای وەڵاممان لێکردوون، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنیان پێداین ئاگادارمان دەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچیان پێ نەوتووین.

ڕوونیشیکردووەتەوە کە فشارەکانی ئاسایشی پارتی بۆسەر ئەندامانی هەدەپە و هاوڵاتیانی باکوری کوردستان لە هەولێڕ، زاخۆ و دهۆک زیادیان کردووە.



PM:12:55:05/08/2018