لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
یەکێتی‌و پارتی کۆدەبنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ٦ ی ئاب مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی کۆبوونەوەکە لە هەولێر سازدەکرێت و لەسەر ئاستێکی بەرزدا دەبێت و دوا بڕیار لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەدرێت کە بڕیارە ٣٠ ئەیلولی ئەمساڵ سازبکرێت.

سپی زانیوویەتی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاشکراو بە نهێنی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نییە، بەلآم مەترسی ئەوەی هەیە کە یەکێتی دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا نەنێت و دۆخەکە تێکبچێت، هەرچی یەکێتی یە لە دوو رۆژی رابردووەوە بەرپرسانی ئەو حیزبە بە ئاشکرا لەگەڵ دواخستنیدان، هەر دوێنێ لاهوری شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری ( زانیاری ) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی دواخستنی هەڵبژاردنی نەشاردەوە، پێشتریش مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری رۆژی شەممە ٤ ئاب لە مەراسیمی یادی شێرکۆ بێکەسدا ئاماژەی بەدواخستنی هەڵبژاردن دا.

بەپێی ئەو زانیاریانە یەکێتی داوای دەکات کە هەڵبژاردن تا وەرزی بەهاری ساڵی ئایندە دوا بکەوێت.

هەرچەندە حیزبەکانی تر بەفەرمی هیچیان لەو بوارەوە رانەگەیاندووە، بەلآم گۆڕان دوو رایە، رایەکیان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندایە، رایەکیشیان لەگەڵ ئەنجامدانیدایە لە ٣٠ ئەیلولدا.

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری بەرەو ئەوە دەچێت بایکۆتی هەڵبژاردن بکات . ( وەک سپی زانیوویەتی ).



AM:09:59:06/08/2018