بەڕێوەبەرایەتی
بەرگری شارستانی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆکاری درەنگ کۆنتڕۆکردنی ئاگرەکەی
هەولێری ئاشکرا کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەرگری
شارستانی هەولێردا هاتووە "ئێمە بەردەوام لەڕێگەی تیمی پشكنینەكانمان سەردانی
شوێنە بازرگانییەکان، دووكان، هۆتێل، چێشتخانە و سەرجەم شوێنەكان دەكەین بۆ
ئاگاداركردنەوەیان لە هەبوونی مەرجەكانی بەرگری شارستانی، بەڵام بەداخەوە
پەیڕەونەكردن و بەهەندوەرنەگرتنی مەرجەكان دەبێتە هۆكاری ڕووداوی لەو شێوەیە".
ڕاشیگەیاندووە ڕووداوی بازاڕی
قەیسەری لەڕووی كاتەوە زۆری خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە، ئەوەشیان هۆكاری
ئەوەیە شوێنەكە زۆر بچووك و دووكانەكان كۆنن. هەروەها زۆری ئەو كەلوپەلانەی لەنێو
كۆگای بازاڕەكە دانراون بە شێوەیەكی ناڕێك، وایكردبوو ئاگرەكە زیاتر دزەبكات و
بڵاوببێتەوە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ، ''ئێمە وەك بەرگری شارستانی ماوەی نزیكەی ١٦
كاتژمێر بەبێ وەستان سەرجەم تیمەكان خەریكی كۆنترۆڵكردنی ڕووداوەكە بووین، تەنانەت
چەندین كارمەندمان تووشی هەناسەتووندی و مەترسی بوو لەسەر تەندروستی و ژیانیان،
توانییان لەو ماوەیەدا چەندین دووكان و كۆگای گەورەی هاوڵاتیان ڕزگاربكەن".
شەوی ٤ی ئەم مانگە، ئاگرێک لەناو
بازاڕی قەیسەری لە شاری هەولێر کەوتەوە و درەنگ کۆنتڕۆڵکردنیشی بووە جێگەی باسی
هاوڵاتیان