حکومەتی هەرێم پارەی پێویست بۆ دوو پرۆژەی نیشتەجێبوونی سلێمانی دابیندەکات

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگه‌ڵ ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی كۆبووه‌وه‌و بڕیار دراوە پارەی تەواو دابینبکرێت بۆ هەردوو پرۆژەی نیشتەجێبوونی وەستاوی زڕگوێز و سیتەک.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، لە کۆبوونەوەکە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم باسی لەوەکرد کە لەسەر راسپاردەی  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی پارێزگای سلێمانی  پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی (زڕگوێز و سیتەک) تەرخانکرا کە دوو ھەزار و پێنج سەد یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت له‌ خۆ ده‌گرێت.

ھەروەھا بڕێک پارە  بۆ دابینکردنی  پێداویستی  فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی تەرخانکرا بۆ راییکردنی ئیشوکاری فەرمانگاکان و ھاوڵاتیان.

ھەروەھا بۆ کڕینی محاویلە و ھێڵەکانی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە سنوری پارێزگاکە، زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی تەرخانکرا.

وەزیری دارایی و ئابووری تاکیدی کردەوە کە سەرەڕای دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا لە ئێستادا حکومەتی ھەرێم لە ھەوڵی تەواودایە بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان لە پێناوخزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.



PM:08:36:07/08/2018