پەرلەمانی ئێران وەزیری کار لە پۆستەکەی دوور دەخاتەوە

پەرلەمانی ئێران بە چەند تۆمەتێکی جیاواز وەزیری کاری وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

دوای سێ دانیشن بەمەبەستی دورخستنەوەی عەلی رەبیعی، وەزیری کاری ئێران، پەرلەمانی ئەو وڵاتە دواجار بە دەنگی 129 پەرلەمانتار متمانەی لە ناوبراو وەرگرتەوە.

میدیاکانی ئەو وـاتە باس لە بوونی چەن هۆکارێک دەکەن، کە بووەتە هۆی وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری کاری وڵاتەکەیان کە بەشێکان پەیوەندی بە خراپی بژێوی خەڵکی و خانەنشینان، داهاتی کرێکاران و دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان کرێکاران و خاوەنکارانەوە هەیە.

 هەروەها باس لەوەشدەکەن، کە هۆکارێکی دیکەی سەندنەوەی متمانە لەو وەزیرە بۆ بوونی گەندەڵی ونەبوونی متمانە لە کار و پیشەدا  دەگەڕێتەوە.

لەبەرامبەر پەرلەماندا رەبیعی بەرگری لە خۆی کرد و پێی وابوو، زۆربەی ئەم پرسیارەکانی کە لێی دەکرێن دوبارەن و وتی" لە چوار مانگی رابردوودا چی روویداوە کە من بۆ باشترکردنی بارودۆخ سوودم لێوەرنەگرتووە".

وتیشی،  "ئەگەر من لە حکومەت بڕۆم، ئایا کێشەکانی دۆلار و ئابووری چارەسەر دەبن؟". 

جێی ئاماژەیە دوای ئەوەی رەبیعی لەساڵی 2013 بووە وەزیری کار، رێژەی بێکاری لە ئێراننزیک بە 10% بوو،بەڵام دواتر رێژەکە بۆ 12.2% بەرزبوویەوە.




AM:10:30:09/08/2018