شەوی رابردوو کۆمسیۆن ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی راگەیاند و هیچ گۆڕانکارییەک لە ئەنجامی دەنگەکاندا رووینەداوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانیش ڕەخنە لە ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن دەگرێت.
عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، کۆمسیۆن لە ژماردنەوەی هەموو دەنگەکانەوە هاتە سەر جیاکردنەوەی ژمارەیەک سندوقی کەم ئەوەش تەنها بۆ ئەوە بوو کە ئەو ساختەکارییە تێبپەرێنن و ئەوجۆرە مامەڵەیە لەگەڵ سندوقەکاندا مامەڵەیەکی ناتەندروست بوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هەرلەسەرەتاوە روون بووە ئەنجامەکان چۆن دەردەچن، چونکە کۆمسیۆن بەپێی یاساکەی پەرلەمان و بڕیاری دادگاش کاریان نەکرد و لە بەرژەوەندی خۆیان کاریان کردووە.
وتیشی "تانە لەو ئەنجامانە دەدەین و سكاڵا تۆماردەکەین و هیچ پەیوەست نابین بە راگەیاندنی ئەو دەرئەنجامانەوە".