تەندروستی سلێمانی: لە مانگی رابردوودا زیاتر لە ٨٥٠ نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانەی فێرکاری ئەنجامدراوە

 تەندروستیی سلێمانی لە ئامارێکیدا ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردوودا لەنەخۆشخانەی فێركاریی زیاتر لە ٨٥٠ نەشتەرگەریی جۆراوجۆر بۆ ھاوڵاتیان ئەنجامدراون.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە، تیایدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاشكرایکردووە، لە مانگی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەی فێركاریی نەشتەرگەریی سلێمانی،  ٨٧٢ نەشتەرگەریی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشەكان ئەنجام دراوە.

لەبارەی جۆری نەشتەرگەرییەکانەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ١٠ نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ و ڕان و ١٣ نەشتەرگەریی لابردنی وەرەمی مەمك و ٦٩ نەشتەرگەریی لابردنی زراو و ٢٨ نەشتەرگەریی لابردنی بەردی زراو بەنازور و ٥ نەشتەرگەری لابردنی گورچیلە بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ھەر لەو ماوەیەدا ٢٤٦ حاڵەتی شكاندنی بەردی گورچیلە و ٣٩٥ نازوری گەدە و كۆڵۆن و گورچیلە و نازوری جۆاروجۆری دیكە كراوە، لەگەڵ  ئەنجامدانی ١٦٥ سی تی سكان و ٧٩٠ تیشك و ٣٩٠ سۆنار و ١٢ هەزار و ٣٩ پشكنینی تاقیگەیی.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی تەندروستی سلێمانیدا هاتووە، هەر لە مانگی ڕابردوودا ١٠ هەزارو ١٩ نەخۆش داخڵی ناو نەخۆشخانەكە كراون و چارەسەر و خزمەتگوزاری تەندروستی یان پێشكەش كراوە، هاوکات پێنج كەسیش لە نەخۆشخانەكە گیانیان لەدەستداوە، كە یەكێكیان بەهۆی وەستانی دڵ و دووانیان بەهۆی جەڵتەی دڵ و مێشك و ئەوانی دیكەش بەهۆی پرۆستات و لەكاركەوتنی گورچیلەكانەوە بووە.



PM:11:53:12/08/2018