بارزانی هەشت ملیۆن دۆلار دابەش دەکات

دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕیاریدا بە دابەشکردنی 8 ملیۆن دۆلار وەک هاوکاریی بەسەر زیاتر لە 10 هەزار منداڵی هەرێمی کوردستاندا.

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە بە ڕووداو وتووە: "ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2009 دەستیپێکرد، بە هاوبەشی لەگەڵ ئێمە و مانگی سووری ئیماراتی، پرۆژەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، ئەمڕۆ زیاتر لە 8 ملیۆن و 302 هەزار دۆلار بەسەر 10 هەزار و 738 منداڵی ئازیز دابەشدەکرێت".

ڕاشیگەیاندووە: "ئێمە هەوڵمانداوە ئەو پرۆژەیە هێشتا بەرفراوانتر بکەین، لە ساڵی 2011 بە ئامادەبوونی جەنابی کاک مەسروور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوانمانکرد، لەوێش ژمارەیەکی دیکە لە منداڵان سوودمەندبوون لەلایەن بەڕێوەبەر و خاوەنی کۆمپانیاکان".

سەرۆکی ڕێکخراوی بارزانی دەشڵێت "21 هەزار منداڵ، کە لە پرۆژەکانی مانگی سووری ئیماراتی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، مانگی سووری کوەیتی و جارێکیش وڵاتی سعودیە سوودمەند بوونە، بە درێژایی ئەو ماوەیەش 37 ملیار دینار بەسەر ئەو ئازیزانە دابەشکراوە".

موسا ئەحمەد دەڵێ: " ئەو منداڵانانەی کە دایک یان باوکیان بەهۆی کارەساتێکەوە لەدەستداوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی چۆن چەترێک بووە بۆ هەموو کەسێک کە پێویستی بە پشتگیری و هاوکاری هەیە، بۆ ئەوانیش هەوڵدەدات ببێتە ماڵێک لە هەموو روویێکەوە و پێداویستییەکانی ژیانیان بۆ دابین بکرێت، بە تایبەتیش پێدانی مووچەیەکی مانگانە".

ڕوونیشی کردەوە"لە رۆژانی داهاتوودا لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، لە هەڵەبجەی شەهید، سلێمانی، گەرمیان، کەرکووک، دهۆک و هەولێر پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت، لە میانی ئەو پرۆسەیەش 10 هەزار و 738 منداڵی ئازیز سوودمەند دەبن".

ئەوە لە  کاتێکدایە کە  هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیکەو 30ی ئەیلول هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.




AM:10:44:13/08/2018