ئایا بارزانی بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات؟

بەرپرسێکی پارتی ڕایگەیاند بانگەشەی ئەم جارە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بارزانی بەڕێوە دەچێت، ئەمەش دوای ئەوە هات لە هەڵبژاردنی عێراقدا بارزانی بە هیچ جۆرێک بەشداری نەکرد.

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "ھەموو توانایەکی خۆمان دەخەینە گەڕ لە سنووری لقی ١٢ و پارێزگای ھەڵەبجە بۆ ئەوەی بە گڕوتینێکی زۆرەوە بچینە نێو بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، چونکە ئاشکرایە ھەڵبژادنی ئەم جارە جیاوازە و دوای نزیکەی پێنج ساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، بێگومان لەو ماوەیەدا گۆڕانکاری زۆر ڕووی داوە، لەبەر ئەوەش لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، پارتی ئامادەکاریی کردووە و بانگەشەی ئەم جارە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی بەڕێوە دەچێت."

ئەو بەرپرسەی پارتی وتوشیەتی"ئێمە دڵنیاین دەنگەکانی ئەم جارەی پارتی لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە وەک دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق نابێت، چونکە ئاشکرایە دەنگی ھەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگی حەقیقیی پارتی نەبوو لە ھەڵەبجە، ئەم جارە سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەین لە سنورەکە و دەنگی حەقیقیی خۆمان بەدەست دێنینەوە."



PM:01:03:13/08/2018