حدکا شەهید بوونی شەش پێشمەرگەو کوژرانی ١٢ سەربازی ئێرانی لە شەڕەکەی نزیک شنۆ راگەیاند

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(حدکا) شەهید بوونی شەش پێشمەرگەی حزبەکەی لە شەڕەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی نزیک شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێ راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی "حدکا رایگیاند"، لە درێژەی کاروچالاکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رۆژهەڵات، شەوی هەینی لەسەر شەممەی ڕابردوو ژمارەیەک پێشمەرگە لە کاتی ئاڵوگۆڕی شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکەی ناوچە شاخاوییەکانی کێلەشینی شنۆ، کەوتوونەتە کەمینی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە و شەڕێکی قورس ڕوویداوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا تا نیزیک کاتژمێر ٦ی بەیانی درێژەی کێشاوە و خەسارەتێکی گیانیی بەرچاو بەر دوژمن دەکەوێت، بە پێی زانیارییەکان رێژیم ١٢ کوژراو و ٨ برینداری لەو شەڕەدا هەبووەو لە بەرامبەردا  شەش پێشمەرگە شەهید کران.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

راگەیەندراوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە تێکهەڵچوونی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە شاخاوییەکانی شنۆ

لە درێژەی کاروچالاکی و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رۆژهەڵات، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتی ئاڵوگۆڕی شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکەی ناوچە شاخاوییەکانی کێلەشینی شنۆ، شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی گەلاوێژ، کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانی بەهۆی راپۆرتی جاش و سیخوڕ و جاسووسەکانەوە، لە سێ لاوە دەکەونە کەمینی هێزێکی زۆری جاشە خۆفرۆشەکان و سپای پاسدارانەوە و لە هەموو لایەک ئاگرباران دەکرێن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هاوکات مۆڵگەکانی رێژیم لە دوورەوە و هەروەها تۆپخانەیەکی بەرفراوان لە هەموو لایەکەوە شوێنی هاتوچۆی پێشمەرگەکان ئاگرباران دەکەن و شەڕێکی قورسی نابەرامبەر دەست پێ دەکات.

رۆڵە ئازا و گیان لەسەر دەستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر بە خێرایی بەرەنگاری هێزی زۆری پۆشتە و پەرداختی رێژیم دەبنەوە. شەڕ تا دێت گەرمتر و بەرفراوانتر دەبێت بە جۆرێک کە پاش هاتنەدەستی ئازایانەی پێشمەرگە و شەڕێکی فیداکارانە و خوێناوی،هێزی دوژمن لە قۆڵێکەوە پاشەکشەی پێ دەکرێ و مەیدانی هەڵسووڕانی پێشمەرگە بەرفراوانتر دەبێ بە شێوەیەک کە پێشمەرگەکان بەسەر دوژمندا زاڵ دەبن و رێگای هەڵسووڕانی خۆیان مسۆگەر دەکەن.

ئەو شەڕە تا نیزیک کاتژمێر ٦ی بەیانی درێژەی کێشاوە و خەسارەتێکی گیانیی بەرچاو بەر دوژمن دەکەوێت، بە پێی زانیارییەکان رێژیم ١٢ کوژراو و ٨ برینداری لەو شەڕەدا هەبووە. دوژمن دەسبەجێ بۆ داپۆشینی خەسارەتی خۆی بە ماشینی داپۆشراو و هێلی کۆپتێر، کوژراو و بریندارەکانی بۆ ورمێ گواستووەتەوە.

لەو شەڕە نابەرامبەر و خوێناوییەدا بە داخ و کەسەرێکی گرانەوە ٤ پێشمەرگەی گیانفیدا بە ناوەکانی: عەبدولسەلام عەبدی، سلێمان محەممەدزادە، عەبدولواحید سوهرابی و ئیسماعیل ئێران مەنش، گیانی ئازیزیان بەخت دەکەن و پەیوەستی کاروانی شەهیدانی کوردستان دەبن، کە سێ کەس لەو هاوڕێیانە بریندار بوون و بە هۆی نەبوونی دەرەتانی گواستنەوە و قورسیی برینەکانیان بە نارنجۆکی دەستی گیانی خۆیان فیدای نیشتمان کرد و دوو پێشمەرگەی ئازا و گیانفیدای شاریش لەو شەڕەدا بە ناوەکانی: عوسمان رەحمانی و مێهران تەهاپوور، وێڕای چوار هاوڕێکەی تر چوونە ریزی کاروانی شەهیدان و هەروەها دوو پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.

باقیی پێشمەرگەکان پاش ماڵاوایی لە شەهیدان سوێندی وەفادارییان بۆ دووپات کردنەوە و درێژەیان بە مەئموورییەتی خۆیان دا.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان



PM:04:19:13/08/2018