سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دیاری دەكرێت

لایەنە سوننەكانی عیراق، كاندیدیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دیاری دەكەن و وتەبێژی هاوپەیمانێتی هێزە عیراقییەكانیش، ناوی كاندیدەكەیان ئاشكرا دەكات.

لەیس دلێمی، وتەبێژی هاوپەیمانێتی هێزە عیراقییەكان، كە نوێنەرانی پێكهاتەی سوننەی عیراق دەكات، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "وەك پێكهاتەی سوننە، لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران گەیشتووینەتە رێككەوتن و محەمەد حەلبوسی یەكلایی بۆتەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لە خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران".

ئەوەشی خستەڕوو زۆربەی كوتلەو لایەنەكانی دیكەی عیراق، لەسەر دانانی حەلبوسی بە سەرۆكی پەرلەمان هاوڕان و بە شێوەیەكی سەرەتایی رەزامەندییان لەسەری دەربڕیوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كوتلە براوەكانی هەڵبژاردن لە گفتوگۆكانیان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، بەردەوامن، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.



PM:09:26:13/08/2018