ئێران نرخی نەوتی خاوی دابەزاند

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی نەوتی ئێران ھەڵسەنگاندنی بۆ زیادبوونی خواستی نەوت لە بازاڕەکان و دابەزاندنی نرخی نەوت لەلایەن چەند وڵاتێکی دیکەی ھەناردەکاری نەوت کرد، نرخی نەوتی خاویشی دابەزاند.

بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی ئێران کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە بەئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی فەرمی دەوڵەتی ئێرانی راگەیاندووە کە وڵاتەکەی بڕیاری دابەزاندنی نرخی نەوتی خاوی داوە.

ئەو بەرپرسەی ئێران رایگەیاندووە کە زیادبوونی خواستی نەوتی خاو و دابەزاندنی نرخی نەوت لەلایەن چەند وڵاتێکی دیکەی ھەناردەکارەوە لەبەرچاو گیراوە، بۆیە ئەوانیش بڕیاری دابەزاندنی نرخی نەوتیان دەرکردووە.

ئەو بەرپرسەی ئێران ھیچ زانیارییەکی لەبارەی رێژەی دابەزاندنی نرخەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەشێکی راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەگەڵ دەستپێکی مانگی ئابدا، ئێران ٦٠ تا ٨٠ سەنتی لە فرۆشتنی نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێك دابەزاندووە.

ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات و نیوەی ئەم بڕەش بۆ وڵاتانی چین و ھیندستان دەنێرێت، ھاوکات ٢٥٪یشی بۆ وڵاتانی ئەورووپا و بەشێکیشی بۆ کۆریای باشوور و ژاپۆن دەنێرێت.

بەھۆی ئەو سزایانەی بڕیارە ئەمریکا لە ٥ی تشرینی دووەمەوە بەسەر نەوتی خاوی ئێرانیدا بسەپێنێ، کۆریای باشوور و ژاپۆن ھاوردەکردنی نەوتی خاویان لەو وڵاتە راگرتبوو.



PM:10:54:13/08/2018