قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق ئامادەكارییەكان بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان ڕادەگەیەنێت و هۆشداریش دەداتە دوكاندارەكان و داوا دەكات بەدوور بن لە گرانفرۆشی و ساغكردنەوەی كاڵای خراپ بوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق، كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ بەڕێكردنی ڕۆژانی جەژنی قوربان، ئەمڕۆ 16ی ئابی 2018، قائیمقامی سیدسادق و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی قەزاكە، لەگەڵ سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و بەرگری شارستانی و تیمەكانی تەندروستی كۆبۆوە.
لەڕاگەیەنراوەكەدا داوا لەهاوڵاتیان كراوە، لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ، پابەندی ڕێنماییەكانی هۆبەی ڤێتەرنەری بن و پاك و خاونی شار ڕاگرن.
لەدرێژەی ڕاگەیەنراوەكەدا، هۆشدرای دراوەتە سەرجەم خاوەن فرۆشگا و ماركێت و دوكانەكان، كە ڕەچاوی بژێوی هاوڵاتیان بكەن و هەوڵی گران فروشی و ساغكردنەوەی كاڵای خراپ نەدەن و سەر شەقام و شۆستەكانیش نەگرن.
هۆشداری ئەوەشدراوە هەر كەسێك گرانفرۆشی بكات و كاڵی بەسەرچوو بفرۆشێت، بەتوندترین شێوە سزا دەدرێت.