حکومەتی هەرێم دوا بڕیار لەسەر مووچەی کارمەندانی ناوخۆ دەدات

بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنیت " كێشەی كەمیی مووچەی كارمەندانی ھێزەكانی ناوخۆ چارە دەكرێت و مووچەی فەرمانگە مەدەنییەكانیش ھاوشێوەی ئەمنیی دەكرێت".

سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی وتووە”ئێمە پێشنیارێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كردووە بۆ چارەكردنی ئەو پرسە و ئێستا سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران خەریكی دیراسەكردنی پێشنیارەكەی ئێمەیە و ئێمە ھێزەكانی ناوخۆ پشتڕاست دەكەینەوە و كێشەی كەمیی مووچەكانیان لە كاتی خانەنشینبوونیان چارە دەكرێت.”

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵیت "لە پڕۆژەیاسای چاكسازیی مووچەی خانەنشینیدا ئەو بابەتە باس كراوە، یان مووچەی خانەنشینی وەزارەتی ناوخۆ زیاد دەكرێت، یانیش ڕێگەی دووەم جێبەجێ دەكرێت، كە ئەویش جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراقە، كە ھیچ مووچەیەك لە چوارسەت ھەزار كەمتر نابێت و بەرەوسەر دەبێت.”

سامی جەلال لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت”پێشنیارێكی دیكەمان بۆ حكوومەت بەرز كردووەتەوە تا مووچەی فەرمانگە مەدەنییەكانی سەر بە وەزارەت ھاوشێوەی ھێزەكانی ئەمنییەكانی دیكە بكرێت و زیاد بكرێت، واتە بەردەوام لەھەوڵداین بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی كارمەندانی وەزارەت.”



PM:01:28:17/08/2018