وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامی تورکیا و پەکەکەی دایەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەڵامی تورکیای دایەوە و ڕایگەیاند هیچ هەماهەنگییەک نەبووە بۆ هێرشەکەی سەر شەنگال لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کەجەکە داوای ڕوونکردنەوەی لە حکومەتی عێراق و پارتی کردبوو.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر بۆردومانكردنی قه‌زای شه‌نگال له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا داوای لە تورکیا كردوه‌ هێزەکانی لە خاکی عیراق بکشێنێتەوە، بەتایبەتی لە باشیک چونکە به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌: "ئەوە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

لەو ڕاگەیەندراوەدا کە بەناوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ئەحمەد مەعجوبەوە دەرکراوە هاتووە "هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ك لەنێوان عیراق و تورکیا لەبارەی بۆردومانی ناوچەکە نەبووە".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت دوێنێ كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەسەر تیرۆرکردنی یەكێك لە سەركردە دیارەكانی‌ لەلایەن فڕۆكەكانی‌ توركیاوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند "گوماندەكرێت هێزێكی‌ نزیك لە پارتی دیموكراتی‌ كوردستان یان حكومەتی عێراق هاوكاریی توركیایان كردبێت لەو هێرشەدا".

كەجەكە ڕاشیگەیاندبوو "ئەگەر حكومەتی عێراق و پارتی پەیوەندییان بەو هێرشەوە نییە، پێویستە بۆ ڕای گشتیی ئاشكرابكەن و شەرمەزاریشی‌ بكەن".

فڕۆكەكانی توركیا كاتژمێر 5:00ی ئێوارەی 15ی ئەم مانگە هێرشێکیان بۆ سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە شەنگال ئەنجامدا و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی پەکەکە کە زەكی شەنگالی بوو شەهید بوو.

هاوكات دوێنی پێنجشەممە ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕاگەیاند، كاتێك حەیدەر عەبادی و شاندی عێراق لە ئەنقەرە بوون گفتوگۆیان لەبارەی پرسی شەنگالەوە كردووە و لایەنی عێراقی بە ئاشكرا وتیان، ڕێگا نادەن خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر توركیا بەكاربهێنرێت.

كاڵن راشیگەیاند، "ئاماژەی بەوەشكرد، "ئۆپەراسیۆنەكانمان كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە شەنگال ئەنجامدران لە ئەنجامی گفتوگۆكان بوو لەگەڵ شاندی عێراقی".



PM:02:49:17/08/2018