تەندروستى هەولێر پلانى ڕۆژانى جەژنى ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى هەولێر پلانى ڕۆژانى جەژنى قوربانی ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ڕێى تیمەکانیانەوە چاودێرى چێشتخانە و شوێنە گشتیەکان دەکەن.

فاخر کرمانجى بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى تەندروستى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژانی جەژندا لە ناو شارى هەولێر و لە قەزا و ناحیەکانیش نەخۆشخانەکانى فریاکەوتن و لەدایکبون و منداڵان و تەواوى ئەو نەخۆشخانانەى تریش کە ئامادەکراون لە خزمەتى هاوڵاتیان و گەشتیاراندا دەبن.

بە پێویستیشی زانی، هاوڵاتیان ڕوو لەو شوێنانە بکەن کە پێویستیان دەبێت، بۆنمونە نەخۆشخانەى ناوەند بۆ سکچوون و ڕشانەوەیە، ئیمێرجینسى بۆ حاڵەتى بەرکەوتنى ئامێرى گەرمە، ئەوەشیوت ، ٣٠ ئەمبولانس لە کاردان و لە ڕۆژانى پشوودا لە خزمەتى هاوڵاتیاندا دەبن.

هەروەها ئاماژەى بەوەشکرد، لە ڕێى تیمەکانیانەوە چاودێرى چێشتخانە و شوێنە گشتیەکان دەکەن و لیژنەکانى پشکنینى ئاویش لە ئێشکگرییدا دەبن و داواى لە هاوڵاتیان کرد بۆ هەر حاڵەتێک پەیوەندى بە تیمەکانیانەوە بکەن.

بەڕێوەبەری تەندروستى هەولێر داواى لە هاوڵاتیانیش کرد، لەبەرئەوەی لە ڕۆژانى پشوودا فشارێکى زۆر لەسەر نەخۆشخانە گشتیەکان هەیە، پێویستە پشوو درێژ بن و لەگەڵ پزیشک و کارمەندانى تەندروستیدا هاوکار بن.


PM:03:03:20/08/2018