هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات ئاماژە دەدات بەوەی لە چەند كاتژمێری داهاتوودا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رادەگەیەنن.
خالید ئەسەدی، یەكێك لەسەركردەكانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند لەماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا دەوڵەتی یاسا و فەتح و میحوەری وەتەنی سوننەكان گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی پێكدەهێنن.
روونیشیكردەوە كە گەورەترین كوتلە بەمانای زۆرینەی پەرلەمان نایاەت، چونكە لە خولەكانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا حكومەت لەلایەن كوتلەیەكەوە پێكهێندرا كە 98 ئەندامی لە پەرلەماندا هەبوو.
راشیگەیاند لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا گەورەترین كوتلە داوایەك پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمان دەكات بۆئەوەی وەك گەورەترین كوتلە ناوی تۆمار بكتا و پاشان سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراویش بۆ پێكهێنانی حكومەت رایدەسپێرێت.
دوای ئەوەی دوێنێ دادگای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی پەسەند كرد، پێویستە سەرۆك كۆمار لەماوەی 15 رۆژدا داوا لە ئەنجومەنی نوێی نوێنەران بكات بۆ ئەنجامدانی یەكەم كۆبوونەوە.
فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراقیش جەختیكردەوە لەوەی پابەند دەبێت بە وادە دەستوورییەكەی تایبەت بە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراو.