ئەپڵ: هاوڵاتیانی تورکیا بەدەنگی داواکەی ئۆردوغانەوە نەچوون

نوێنەری فرۆشتنی کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی لە تورکیا رایگەیاند" هاوڵاتییانی تورکیا بەدەنگ داواکارییەکەی سەرۆک کۆماری تورکیاوە نەچوون، کە داوای کرد چیتر مۆبایلی ئایفۆن بەکارنەهێنن".

نوێنەری فرۆشتنی کۆمپانیای ئەپڵ لە ئەنقەرە بە ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی راگەیاندووە، ”رێژەی فرۆشی ئایفۆن دانەبەزیوە" و لە نێوان 10 کڕیاردا، سێ کەسیان داوای مۆبایلی ئایفۆن دەکەن، کە بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵە.
 
ئەو نوێنەرەی ئەپڵ هەروەها رایگەیاندووە، لە تورکیا، خەڵک بە دەنگ داوایەکەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی کۆماری وڵاتەکەیان بۆ دوورکەوتنەوە لە  بەرهەمە ئەمریکییەکان نەچوون.

سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 20/8/2018، بەهای لیرەی تورکی جارێکی دیکە دابەزی و گەیشتە 611 لیرە بەرامبەر 100 دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا لە کۆتایی رۆژی هەفتەی رابردووی بۆرسەی جیهانی، 601 لیرە بەرامبەر 100 دۆلار بوو.
 
دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیەو چەند پرسێکی تری سیاسەتی ئابوری ئەو وڵاتەوەیە.
 



PM:08:31:20/08/2018