حکومەتی هەرێم بەبۆنەی جەژنەوە:
بە یەک تیم بچن بۆ بەغدا


حکومەتی هەرێم لە پەیامی جەژندا جگە لە پیرۆزبایی داوا لە لایەنەکانی کوردستان دەکات بەیەکە تیم بچن بۆ بەغدا.

ئەمە دەقەكەیەتی:
هاتنەوەی جەژنی قوربان سەرەتا لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان، ئینجا لە تەواوی موسڵمانان لە هەرێمی كوردستان، عیراق و جیهان پیرۆز دەكەین. هیوادارین جەژن لەگەڵ خۆیدا ئاشتی و ئارامی و تەبایی بهێنێت و هەموو لایەك لە سەقامگیریدا جەژن و پشوویەكی خۆش و ئارام بەسەر ببەن.
جەژنی قوربان لە كاتێكدا دێتەوە كە لە عیراق هەوڵەكانی پێكهێانی حكوومەتێكی تازە دەستیان پێكردووە، هیوادارین لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بخەنە پێش هەموو شتێكی دیكەوەو یەكڕیزو تەبا بن تاكو لە ئاست چاوەڕوانیی گەلی كوردستاندا بن و بە بەرنامەیەكی كوردستانییانە كە لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان ئامادە كرابێت، پێكەوە وەك تیمێك ڕوو بكەنە بەغدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە هەموو شێوەیەك پشتگیرییان دەكات.
دووبارە جەژنی قوربان لە هەمووان پیرۆز بێت، بەو هیوایەی هەمووان جەژن و بۆنەكانی داهاتوو لە بارودۆخێكی باشتر و لەبارتردا بكەنەوە و گەلی كوردستانیش بە مافە ڕەواكانی شاد ببێت. داوا لە هاووڵاتیان دەكەین لەپێناو سەلامەتیی خۆیان و خانەوادەكانیاندا ڕۆژانی جەژن و پشوو پابەندی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بن.
جەژن و پشوویەكی خۆش و ئارام بۆ هەمووان و هەموو ساڵێك بە خۆشی.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان



PM:11:52:20/08/2018