لە عفرین ٢٠ هاوڵاتی رفێندران

هێزە ئیسلامییەکان بە پاڵپشتی سووپای تورکیا ٢٠ هاوڵاتی گوندێکیان رفاند.

ئاژانسی فراتنیوز بڵاویکردەوە "ئەو کەسانەی لە دوای داگیرکردنی عەفرین براون بۆ گوندی ساگر ئۆباسی و تیایدا نیشتەجێکراون، لەگەڵ چەتەکانی سوڵتان موراد بووە بە شەڕیان و چەتەکانیش لە بەرامبەردا کوێخای گوندەکە و ١٩ هاووڵاتیی تریان رفاند".

ئاژانسەکە ئەوە دەخاتە روو، "سوپای تورکیا و چەتەکانی لە دوای داگیرکردنی عەفرین چەندین بنەماڵەیان لە غوتە و عەزازەوە بردبوو بۆ عەفرین و نیشتەجێیان کردبوون. ئێستا ئەو بنەماڵانە گوشار لە بنەماڵەی چەتەکان دەکەن و شەڕیان لەگەڵ دەکەن".

هەروەها هاتووە "کاتژمێر ٢٠:٤٥ی دوێنێ شەودا لە نێوان ئەو بنەماڵانەدا کە دوای داگیرکردنی عەفرین لە گوندی ساگر ئۆباسی لە ناوچەی بلبلێ نیشتەجێکراون و چەتەکانی سوڵتان موراد شەڕ روویدا. هۆکاری شەڕەکە بۆ گوشاری زۆری چەتەکانی سوڵتان موراد بۆ سەر هاووڵاتیان و هەروەها ئەو خێزانانە دەگەڕێتەوە، کە لەو گوندەدا نیشتەجێیان کردوون".

ئاماژە بەوەشکراوە، لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆر چەتەکانی سوڵتان موراد دزی لە هاووڵاتییانی گوندی ساگر ئۆباسی دەکەن و گوشاریان دەخەنە سەر، ناڕەزایەتی لە ناو هاووڵاتییاندا دروست بووە. هاووڵاتییان سەرەتا سەردانی ئەو "ئەنجوومەن"یان کردووە، کە لە عەفرین دامەزراوە و دواتریش سەردانی ئەو "ئەنجوومەن"یان کردبوو کە پێشتر لە عەزاز دامەزرابوو.

هەروەها هاتووە "دواتر چەتەکان بەوەیان زانیوە کە هاووڵاتییان سەردانی ئەنجوومەنی عەزازیان کردووە و لەبەر ئەوەش هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو بنەماڵانە و گوشاری زیاتریان لێکردن، بەڵام هاووڵاتیانی گوندی ساگر ئۆباسی ئەمجارە بە قسە و بە چەک بەرەنگاری هەڵکوتانەکەی چەتەکان بوونەوە و بەو هۆیەوە لە نێوانیاندا شەڕ روویدا".

ئاژانسەکە دەڵێت "دوای ئەوەش چەند گروپێکی تر لە چەتەکانی سەر بە سوپای تورکیا چوونەتە گوندەکە و ساڵح باتال کوێخای گوندەکە و ١٩ کەسی تری ئەو گوندەیان رفاندووە".





PM:12:28:21/08/2018