باڵیۆزی تورکیا لە عێراق نوێژی جەژنی لە کەرکوک ئەنجامدا و ڕایگەیاند، ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکن بۆ گەشەسەندنی شارەکە و کەرکوکیشی بە خاکی باووباپیران وەسفکرد.
فاتیح یڵدز، لە دوای نوێژی جەژن لە کەرکوک بە ڕۆژنامەنووسانی وت، کەرکوک بۆ ئەوان خاکی باووباپیرانە و بۆ دانیشتوانی شارەکەش تورکیا بە ھەمان شێوە خاکی باووباپیرانە.
یڵدز جەختی لەوەکردەوە کە دڵخۆشە بەوەی لەگەڵ کەرکوکییەکاندا نوێژی جەژنی ئەنجامداوە و نەک تەنھا بۆ تورکمانەکان، بەڵکو نزایان بۆ سەرجەم دانیشتوانی عێراق کردووە.
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ھیوای خواست تورکمانەکانی عێراق بگەنە ئەو جێگەیەی شایستەیانە و رایگەیاند "ئامادەین پشتیوانیی لە ھەر جۆرە حکومەتێک بکەین کە ھەموو پێکھاتەکان و لەنێویشیاندا تورکمانەکان لە خۆبگرێت."
هاوکات لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک وتی، داھاتووی کەرکوک داھاتووی عێراقە و داھاتووی عێراقیش ھی تورکیایە.
ناوبراو دوێنێش سەردانی دوزخورماتووی کرد و ڕایگەیاند، تورکیا وەک ھەمیشە ئامادەیە ھاوکاری عێراقییەکان بکات.