سەرۆککۆماری عێراق لەسەر قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە کەرکوک هاتە دەنگ

سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، هەر رێنماییەك پێچەوانەی دەستور بێت سەبارەت بە بەكارنەهێنانی زمانی كوردی هەڵبوەشێنرێتەوە.

 ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی ئاب، نووسینگەی رۆژنامەوانی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە بەغداد پێشوازی لە جەبار لعێبیی وەزیری نەوت عیراق كردووە و لە دیدارەكەدا پڕۆژە و هەوڵەكانی وەزارەت لە بواری بەرهەمهێنان و پیشەسازییەكانی نەوتدا تاوتوێكراوە.

ئەوەش هاتووە، لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە هەر رێنماییەك پێچەوانەی دەستور و یاسا پەیڕ‌ەوكراوەكانە سەبارەت بە پێویستیی پشتبەستن بە هەردوو زمانی كوردیی عەرەبیی پێكەوە لەئاڵوگۆڕ‌كردنی نامە رەسمییەكان لە تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەت لەوانەش كۆمپانیای گازی باكور لە كەركوك، راست بكرێتەوە یان هەڵبوەشێنرێتەوە. 

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، کە وەزیری نەوت سەرۆك كۆماری دڵنیاكردەوە ئەو كارەی كراوە سەبارەت بە بەكارنەهێنانی زمانی كوردی دووبارە نابێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی نەوتی عیراق لە رێگەی نوسراوێکەوە كۆمپانیای نەوتی باكور-ی لە شاری كەركوك ئاگادار کردبووەوە،كە لەمەودوا زمانی كوردی لە نوسراوە فەرمییەكاندا بەكارنەهێنن، بە پێچەوانەوە توشی سزای یاسایی دەبن.



PM:05:44:22/08/2018