پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی لە حزبەکەی ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت، پێویستە تورکیا سیاسەتەکانی بگۆڕێت بە تایبەتی سیاسەتی نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە سوریا، بۆ ئەوەی یارمەتی ئابوری پێشکەش بکەین.
یورگن هاردت، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لە حزبی دیموکرات مەسیحی لە وتەیەکیدا بۆ کەناڵی بلومبێرگ رایگەیاندووە "بەرژەوەندی هاوبەشمان لەبارەی پەنابەرانەوە هەیە، لە هەمانکاتیشدا ناکۆکی قوڵمان هەیە".
ناوبراو روونیکردووەتەوە پێویستە تورکیا رێز لە ئازادی راگەیاندن بگرێت و سەرجەم هاوڵاتییە ئەڵمانییە دەستگیرکراوەکان لە وڵاتەکەی ئازاد بکات و دوور بکەوێتەوە لە نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لە سوریا.
لە درێژەی وتەکانیدا وتویەتی "داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی بەر لە ١٠ ساڵ، واتا ئازادی دادگاکان و راگەیاندن و بالادەستی یاسا لە دادگاکاندا" چونکە "لە ئێستادا تورکیا لەو بوارانە دووردەکەوێتەوە."
وەک هاردت ئاماژەی پێداوە سەرەتا تورکیا دەبێت پەنا بباتە بەر سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، نەک ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا.
ئەڵمانیا بە گەورەترین هاوبەشی ئابوری تورکیا هەژمار دەکرێت، کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان دەگاتە ٤٢ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، بەڵام پەیوەندییەکانیان بە هۆی دەستگیرکردنی چەدن کە هاوڵاتییەکی ئەڵمانییە ئاڵۆز بووە.
لە ئێستادا ئەڵمانیا مەرجی ئازادی راگەیاندنەکان و دادگاکان، هەروەها دوورکەوتنەوە لە نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە سوریا بۆیارمەتیدانی تورکیا داناوە.