پەکەکە مەترسی هەیە لە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەڕووی تورکیادا

پارتی کرێکارانی کوردستان مەترسی ئەوەیان هەیە کە کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ تورکیا، لەسەر حسابی ئەوان بێت.

دوای ئەوەی پارێزگاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر کە پشکی گۆڕانە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، کەوتوونەتە هەوڵدان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەندێکی لە رێگای بەغداو، هەندێکی تری ئەو هەولآنە لەرێگای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەنجام دەدرێت، لەسەر حسابی پارتی کرێکارانی کوردستان بێت.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند" پارتی کرێکارانی کوردستان مەترسی ئەوەیان هەیە کە کردنەوەی فڕۆکەخانەکە لەگەڵ تورکیا لەسەر حسابی گەمارۆدان و فشارخستنە سەر ئەندام و لایەنگرانی پەکەکەو ئەو لایەنانە بێت کە نزیکن لە پەکەکەوە بێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، تورکیا کە ئاسمانی فڕۆکەخانەکانی بەرووی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە داخست، لەبەری تۆمەتبارکردنی پارتەکانی سلێمانی بوو بە کۆمەکردنی پەکەکە، ئێستا تورکیا ئاسمانی ناکاتەوە بەبێ دەستکەوتی ئەمنی و سەربازی بەرامبەر پەکەکە".

ماوەیەکی زۆرە تا رادەیەکی بەرچاو ناوچەکانی سلێمانی بوونەتە پاڵپشتێکی بەرچاو بۆ کوردانی باکورو رۆژئاواو، زۆرێک لەهێزەکانی ئەو دووپارچەیەی کوردستان نووسینگەیان لەو دەڤەرە هەیە، لە کاتێکدا ئەو بوارە لەهەولێر و دهۆک نەڕخسێنراوەو بەپێچەوانە پەیوەندی پارتی و دەزگا ئەمنییەکانی لەگەڵ تورکیادا نەپچڕاو و پتەوەە، ئەو هێزە کوردیانەی لەو دەڤەرەن پەیوەندی باشیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە.

بەهۆی ئەنجامدانی رێفراندۆم لە مانگی ئەیلولی پاردا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەکانی کوردستان راگیرا، ماوەی چەند مانگێکە تورکیا بڕیاری کردنەوەی گەشتەکان و ئاسمانی ولآتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی هەولێردا کردەوە، بەلآم هێزەکانی سلێمانی بەیارمتەیدەری پەکەکەو " تیرۆر" تۆمەتبارکردو گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەداخراوی هێشتەوە.

ساڵی پار پەکەکە توانی دوو بەرپرسی میت لە ناوچەکانی سلێمانی کە بۆ کوشتنی جەمیل بایک سەرکردەی پەکەکە هاتبوون بگرێت و، بە دەستگیرکراوی بەنهێنی بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی قەندیل، ئەم رووداوەش پەیوەندی نێوان تورکیا و هێزەکانی سلێمانی بەتەواوی تێکدا.
  



AM:12:06:25/08/2018