کۆمسیۆن: جگە لە پارتی و نەوەی نوێ هەموو هێزە سەرەکییەکان تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە

بەرپرسێکی باڵای کۆمسیۆن رایگەیاند، هەموو لایەنە سەرەکییەکان جگە لە پارتی و نەوەی نوێ تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێم بە "سپی" راگەیاند، "هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم (گۆران، یەکێتی، کۆمەڵ، یەکگرتوو هاوپەیمانی دیموکراسی و لیستی ئیسلاح) تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە جگە لە پارتی و نەوەی نوێ نەبێت". 

سەبارەت بە کەموکوڕی لە تۆماری دەگدەراندا، ئەو بەرپرسە رایگەیاند،" بنەمای سەرەکی تۆماری دەنگدەران کۆبونی خۆراکە، کۆمسیۆن ئەوەی لە توانایدابێت کاری کردووە بۆ ئەوەی تۆمارێکی دەنگدەرانی گونجاو ئامادە بکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیاروایە ٣٠ ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت.

ئەو بەرپرسە جەختی لەوەشکردوە، "تۆماری دەنگدەران کاتێک بە تەواوی دور دەبێت لە هەموو کەموکوڕیەک، کە ئامرێکی گشتی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت".

دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژارن لە ٣٠ ئەیلولدا ئەو بەرپسەی کۆمسیۆن ئاشكرایکرد، "هەموو ئامادەکارییەک بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆیدا، تا ئێستاش هیچ بڕیارێک نییە بۆ دواخستی هەڵبژاردن".

"سپی" پێشتر پەیوەندی کرد بە شێروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆن و شۆش حەسەن بەرپرسی راگەیەندەکان و پەیوەندەیەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بەڵام پەیوەندییەکەیان بەردەست نەبوو.


PM:05:41:25/08/2018