ڕێبوار کەریم وەلی: هێرۆ و کوڕەکانی شەفاعەتیان بۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کرد لای بارزانی

ڕێوار کەریم وەلی ڕۆژنامەنوسی دیاری پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بارزانی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و قوباد و بافڵ تاڵەبانی ئاشکرا دەکات.

ڕێبوار کەریم وەلی، بەڕێوەبەری پێشووی کەناڵی ڕووداو لە وتاری ئەم هەفتەیەدا بۆ ڕۆژنامەی ڕووداو نوسیویەتی "دیداری ئەم دواییەی (دایك و دوو كوڕەكە) لەگەڵ بارزانی، هەم شەفاعەتێك بوو بۆ شانازی برایم ئەحمەد (كە ئێستا 180 پلە گوتارەكانی گۆڕاون) كە ببێتە جێگرەوەی دایكیان و، هەمیش پتەوكردنی پێگەی دوو كوڕەكە بوو بۆ ئاییندە".

لەو وتارەیدا ڕێبوار کەریم وەلی دەڵێت "بیانووەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نامەنتیقین و بۆنی شتی دیكەیان لێدێت. هەر بەو تۆماری دەنگدەرانە هەڵبژاردنەكانی 12ی مایس كران و كەس نققەی لێوە نەهات، بەپێچەوانەوە گوترا كە (بێخەوشترین هەڵبژاردن دەبێت)، ئێستا كە كۆمیسیۆن بە دەیان هەزار ناوی دووبارە و مردووی بلۆك كردووە، دەڵێن تۆماری دەنگدەران پاك نییە و بۆ ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی هەر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، ئەوان تەمەنی حكومەت و كابینەیەك درێژ دەكەنەوە كە بەلای ئەوانەوە گەندەڵە و پێویستە بگۆڕدرێت! لەوەیاندا دیار نییە، دوای دوو ساڵی دیكە بە چ روویەكەوە داوا لە دەنگدەری خۆیان دەكەن دەنگیان پێبدەن؟ ئەدی ئەمڕۆ رۆژی ئەوە نییە كە ئەوان تۆڵە لەو پارتی و ئەو یەكێتییانە بكەنەوە كە ریفراندۆمیان كرد؟ یان تۆڵە لەوانە بكەنەوە كە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان كرد و كەركووكیان بە چەند بەرمیلە نەوتێك فرۆشت؟".

سەبارەت بە داوای لێبوردنەکەی یەکێتی لە گۆڕان ئەو ڕۆژنامەنوسەی پارتی نوسیویەتی یەكێتی ئەگەر بە درەنگەوەش بووبێت كارێكی باشی كرد كە داوای لێبوردن و گەردەن ئازادی لە گۆڕان كرد. پەیوەست بە رووداوەكانی ئێوارەی 12ی مایس، ئەو گەردەن ئازادییەی یەكێتی لە ناچاری بوو، چونكە نزیكەی 35 ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، بەنیاز بوون بەیانیی رۆژی جەژن بچنە سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا و هەمان داوا بكەن، یەكێتی دژی ئەوە بوو، بەڵام نەشیدەتوانی پێشیان پێ بگرێت، بۆیە خێرا ئەو پەیامەیان بڵاوكردەوە. بەڵام لە راستیدا ئەو گەردەن ئازادییەی یەكێتی دەبێ بۆ دوو شت بێت، یەكەمیان لەو فیتنەیەی كە خستیانە نێوان پارتی و گۆڕان و، ئەو وەزعەیان خوڵقاند، دواتریش بۆ ئەو هەموو بەڵێن و پەیمانەی كە بە گۆڕانیان دا و، دوایی چوون لەگەڵ پارتی رێككەوتن.
دەقی وتارەکەی ڕێبوار کەریم وەلی
پارتی دەكەوێتە ئەو تەڵەیەوە؟

(1)

ئەگەرچی بارزانی لە رۆژانی رابردوودا تەئكیدی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولدا كردەوە و پارتی دەرگای حكومەت و پەرلەمانیشی لەسەر كەیسی دواخستنی هەڵبژاردن داخستووە، بەڵام هێشتا لێرەو لەوێ، حیزبەكانی دیكە و، لەسەرووی هەمووشیانەوە یەكێتی، لەبنگوێی یەكتری فسكەفسكی دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن. پارساڵ كە هەڵبژاردنەكان دواخران، كوردستان لە دۆخێكی نالەباردا بوو، رێی تێدەچوو دوا دەخرێت، بەڵام هەڵوێست و هەنگاوەكانی دوای ئەوە، هەر لە بانگەواز بۆ حكومەتی رزگاریی نیشتمانی و هەڵوەشاندنەوەی حكومەتەوە بگرە تا جرتوفرتی حیزبەكان بۆ بەغدا و كشانەوەی یەك بە یەكیان لە كابینەی هەشتەمی حكومەت (جگە لە یەكێتی، كە ئەویش ئەگەر بەڵێنەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان بۆ جێبەجێ كرابایە و هەرێمی سلێمانی- كەركووك راگەیەندرابایە، یەك دەقیقەش لەناو حكومەتدا نەدەمان) هەموویان بەشێك بوون لەو پیلانە ئیقلیمییەی كە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان داڕێژرابوون.

بیانووەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نامەنتیقین و بۆنی شتی دیكەیان لێدێت. هەر بەو تۆماری دەنگدەرانە هەڵبژاردنەكانی 12ی مایس كران و كەس نققەی لێوە نەهات، بەپێچەوانەوە گوترا كە (بێخەوشترین هەڵبژاردن دەبێت)، ئێستا كە كۆمیسیۆن بە دەیان هەزار ناوی دووبارە و مردووی بلۆك كردووە، دەڵێن تۆماری دەنگدەران پاك نییە و بۆ ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی هەر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، ئەوان تەمەنی حكومەت و كابینەیەك درێژ دەكەنەوە كە بەلای ئەوانەوە گەندەڵە و پێویستە بگۆڕدرێت! لەوەیاندا دیار نییە، دوای دوو ساڵی دیكە بە چ روویەكەوە داوا لە دەنگدەری خۆیان دەكەن دەنگیان پێبدەن؟ ئەدی ئەمڕۆ رۆژی ئەوە نییە كە ئەوان تۆڵە لەو پارتی و ئەو یەكێتییانە بكەنەوە كە ریفراندۆمیان كرد؟ یان تۆڵە لەوانە بكەنەوە كە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان كرد و كەركووكیان بە چەند بەرمیلە نەوتێك فرۆشت؟

دەسەڵات و بەتایبەتیش پارتی حەجم و ژمارەی كورسییەكانی دیارن. رەنگبێ لەو هەڵبژاردنەدا یەك دوو كورسی زیاد بكات، بەڵام زیادكردنی كورسی ئامانجی سەرەكیی پارتی نییە، بەقەدەر ئەوەی دەیەوێ ئەزموونی حوكمڕانیی كوردی بەلاڕێدا نەچێ. پارتی ئەزموونێكی تاڵی لەگەڵ درێژكردنەوەكاندا هەیە، چۆن سەرۆك بارزانی رازی نەبوو ویلایەتەكەی درێژ بكرێتەوە، ئاواش سەرۆكی حكومەت، پێویستی بەوە نییە، دوای هەفتەیەك لە درێژكردنەوەی تەمەنی حكومەتەكەی، میدیا و حیزبەكانی سلێمانی بەچەپ و راست پەلاماری بدەن و بە ماوە بەسەرچوو وەسفی بكەن!

شەفاعەتێك بۆ شاناز!
(2)
ململانێكان لەنێو ماڵی تاڵەبانی تا دێت قووڵتر دەبنەوە، بەتایبەتیش كە هێرۆ برایم ئەحمەد، ئیتر خەریكە پێ دەنێتە نێو قۆناغی دوایین ساڵەكانی تاڵەبانی و ماڵئاوایی دەكات. بۆیە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە گەورە كوڕی تاڵەبانی واتا پاڤڵ و زڕئامۆزاكانی (لاهور و ئاراس) عەڕابی ئەو كارەساتە بوون، لای پارتی كەسانی نەویستراون، بەڵام لە سۆنگەی وەفای بنەماڵەی بارزانی بۆ تاڵەبانی و میراتگرەكانی (دوو كوڕ و خێزانەكەی) هێشتا بەچاوی رێزەوە لێیان دەڕوانرێت و، پشتیان تێنەكراوە. قوباد تاڵەبانی ئەگەرچی بە دێڕێكیش بێبەریبوونی خۆی لە 16ی ئۆكتۆبەر و ئەنجامدەرانی رانەگەیاند (بە پێچەوانەی كۆسرەت رەسوڵ و ئەوانی دیكە)، هەر لە هەرەمی دەسەڵاتدا مایەوە و، پاڤڵیش لاقێكی هەر لە هەولێر بوو!
ئێستا پارتی هیچ لارییەكی لەوە نییە كە ئەوان میراتگری تاڵەبانی بن (دوو كوڕەكە و دایكیان) وەك چۆن بەهەمان شێوە، لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەڕوانێت، بەڵام بەلایەوە گرنگە كە بزانێ كێ دەمڕاستی ئەو خانەوادەیەیە؟ كوڕەكانی تاڵەبانی خەریكە بە هێمنی دەست بەسەر یەكێتیدا دەگرن. قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی لیستی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكاندا زۆرترین دەنگ دێنێت و، بەوەش بە تیرێك چەند نیشانێك دەپێكێت. ئایندەی خۆی لەناو یەكێتی و حكومەتدا گرێنتی دەكات و، كۆتایی بە رۆڵی سیاسیی لاهور و زڕئامۆزاكانی دیكەی دێنێت و، وەك نێچیرێكی پەڕ و باڵكراو دەیانخاتە بەردەم پاڤڵی برای تا ئەویش تێكڕای ئەو هێز و پارەیە لە لاهور وەربگرێتەوە كە لە غیابی پاڤڵدا و وەكو سەرۆكی دەزگایەكی ئەمنی پێی بەخشرابوو. ئەم دوو برایە ئێستا زیرەكانە دەیانەوێ لە رووی سیاسی و سەربازییەوە، كۆنتڕۆڵی سلێمانی بگرنە دەست و ببن بە واجیهەی حوكمڕانیی ئەو دەڤەرە. بۆیە لێرە بەدواوە پتر لەوەی ماڵی تاڵەبانی و برایم ئەحمەد وەك بلۆكێكی یەكگرتووی خانەوادەیی بەرامبەر بە كۆسرەت رەسوڵ بوەستن، رووی هێرش و تەسفییەكردنەكانیان لە یەكتری دەبێ و پێشناچێ زۆر بە ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بێت.

دیداری ئەم دواییەی (دایك و دوو كوڕەكە) لەگەڵ بارزانی، هەم شەفاعەتێك بوو بۆ شانازی برایم ئەحمەد (كە ئێستا 180 پلە گوتارەكانی گۆڕاون) كە ببێتە جێگرەوەی دایكیان و، هەمیش پتەوكردنی پێگەی دوو كوڕەكە بوو بۆ ئاییندە.

گەردەن ئازادی یان گەردەن كەچی؟
(3)

یەكێتی ئەگەر بە درەنگەوەش بووبێت كارێكی باشی كرد كە داوای لێبوردن و گەردەن ئازادی لە گۆڕان كرد. پەیوەست بە رووداوەكانی ئێوارەی 12ی مایس، ئەو گەردەن ئازادییەی یەكێتی لە ناچاری بوو، چونكە نزیكەی 35 ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، بەنیاز بوون بەیانیی رۆژی جەژن بچنە سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا و هەمان داوا بكەن، یەكێتی دژی ئەوە بوو، بەڵام نەشیدەتوانی پێشیان پێ بگرێت، بۆیە خێرا ئەو پەیامەیان بڵاوكردەوە. بەڵام لە راستیدا ئەو گەردەن ئازادییەی یەكێتی دەبێ بۆ دوو شت بێت، یەكەمیان لەو فیتنەیەی كە خستیانە نێوان پارتی و گۆڕان و، ئەو وەزعەیان خوڵقاند، دواتریش بۆ ئەو هەموو بەڵێن و پەیمانەی كە بە گۆڕانیان دا و، دوایی چوون لەگەڵ پارتی رێككەوتن.



AM:11:13:27/08/2018