کاندیدێکی
هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری ڕایگەیاند بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا
وتویەتی سەرجەم ئەگەرەکان لە بەردەمیاندا کراوەن و تا پێنجی مانگی داهاتووش بڕیاری
یەکلاکەرەوە دەدەن.
شوان هەرکی بەرپرسی
پێشووی ژوری هەواڵی کەناڵی خەندان و کاندیدی هاوپەیمانی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بە سپی
میدیای ڕاگەیاند" کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری بووە و د.بەرهەم
ساڵح، لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانەکانی تری هاوپەیمانیشدا سەبارەت بە بەشداریکردن یان بایکۆت
کۆدەبێتەوە".
ئەو کاندیدە کە
بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کردووە وتی " د.بەرهەم پێی وتین کە هەموو ئەگەرەکان
کراوەیە و لە هەرێم تۆمارێکی دەنگدانی ناتەندروست هەیە و خۆشمان وەک کاندیدەکان دەزانین زیاتر لە دووسەد
هەزار ناوی دووبارە یاخود کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوری تێدایە و ئێمە وەک
هاوپەیمانی یاداشتێکمان ئاڕاستەی کۆمسیۆن کردووە و تا ئێستا ئەوان وەڵامی یاداشتەکەی
ئێمەیان نەداوەتەوە".
ئەو کاندیدەی
هاوپەیمانی وتیشی "ئێمە نە بڕیاری بەشداریکردنی بایکۆتکردنمان هەیە، نە بڕیاری
بەشداری هەڵبژاردن و تا ئێستا هەموو ئەگەرەکان لە بەردەمماندا کراوەن".
پێشتر سپی لە
زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەرییەوە ئاشکرایکرد " ئێوارەی ئەمڕۆ لە سلێمانی بەرهەم ساڵح لەگەڵ
کاندیدەکانی لیستەکەی لە سلێمانی کۆدەبێتەوەو لەو کۆبوونەوەیەدا پێیان رادەگەیەنێت
کە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن کە بڕیارە رۆژی ٣٠ ی ئەیلول
سازبکرێت.
شوان هەرکی
ئاشکراشی کرد کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان ڕاوێژکاری بووە و لە رۆژانی داهاتووشدا بەرهەم
ساڵح لەگەل کاندیدەکانی لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر کۆبێتەوە.