یەكێتیی: بێمنەتین لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا

وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، بێمنەتن لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەموو ئامادەكارییەكیشیان بۆ پرۆسەكە كردوە.

بڕیار رەشید، وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، یەكێتی بێمنەتە لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەكاریی تەواویشمان بۆ پرۆسەكە كردوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەكێتی حزبی هەڵبژاردنەو هەمووكات ئامادەی هەڵبژاردنە، پێشتریش كاتێك چەندین لیست و قەوارە لەسەر حسابی یەكێتی دروست بوون، یەكێتی بەبێ سڵكردنەوە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی كردوەو سەركەوتنی گەورەشی بەدەستهێناوە.

وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی ئەوەشی خستوەتەڕوو، وەك یەكێتی لەبارەی پاكنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بوونی كێشەی زۆر لەتۆمارەكەدا بە 10 خاڵ تانەیەكمان پێشكەشی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم كردوەو كۆمسیۆنیش پەسەندیكردوە، باسمان لەوەكردوە كە ئەو تۆمارە ئەگەری زۆرە لەدوای هەڵبژاردن كێشەی گەورە لەهەرێمی كوردستاندا بنێتەوە.


PM:05:38:30/08/2018