ئۆردوغان: بەئاراستەی قەندیل هەنگاو دەنێین

سەرۆکی تورکیا تەیب ئۆردوغان رایگەیاند " دەست دەکەین بە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە سنوورەکەمان بە ئاراستەی قەندیل لە عێراق، ھەنگاو دەنێین بۆ تێکدانی یارییەکی دیکەی ٣٤ ساڵی". 

ئاژانسی ئاندۆڵ دەقی ئەو قسانەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی بڵاوکردەوە کە لە رێوڕەسمێکی پەیوەندیدار بە سەرکەوتنی ٣٠ی ئاب "لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ لەبارەی منبج لە سووریا دەکەین و ھەوڵی دۆزینەوەی رێگایەک دەدەین بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لە تیرۆریستان. کاری ھاوبەش لەگەڵ رووسیا و ئێران دەکەین بۆ ئەوەی کارەساتی حەلەب لە ئیدلب سەرھەڵنەدات، ئامادەکارییەکانمان لە پێناو لەناوبردنی ناوچەکانی تیرۆر لە رۆژھەڵاتی فوڕات بەردەوامە". 

ئەردۆغان زیاتر وتیشی: "دەست دەکەین بە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە سنوورەکەمان بە ئاراستەی قەندیل لە عێراق، کە لەوەتەی ساڵی ١٩٨٤وە بە شێوەیەکی بەردەوام بووەتە سەرچاوەی کێشە، بەمەش ھەنگاو دەنێین بۆ تێکدانی یارییەکی دیکەی ٣٤ ساڵی". 

ئەردۆغان ئەوەشی خستەروو "ئەو سیناریۆیەی کە لە ناوچەکەماندا بە تایبەتی لە عێراق و سووریا جێبەجێ دەکرێت، تەنھا ئەو کەسانە نایبنن کە گیان و جەستەی خۆیان بە کرێ داوەتەوە ئیمپریالیزم، بەدەر لەمانە ھەموو کەسێک درک بە پێشھاتەکان دەکات".
لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ سووپای تورکیا دەستی بەهێرشکردووە بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و گەیشتنی بە چیای قەندیل بە ستراتیژی خۆی دەزانێت.



AM:09:23:31/08/2018